تێباس بۆ ریال مەدرید: ڤینیسیۆس دزیی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، تۆمەتی نوێی ئاراستەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید کردووە، ئەو یاریزانە بە ساختەکاری و هاککردن ناودەبات و دەڵێ پەخشی یارییەکانی دزیوە.
 
تێباس پێشتر لەسەر ئەو قسانەی ڤینیسیۆس کە گوتبوی لەبەر رەگەزپەرستی، پێویستە مافی میوانداریکردنی مۆندیال لە ئیسپانیا بسەنرێتەوە، رەخنەی تووندی لە ڤینی گرتبوو.
 
ڤینیسیۆس لە چەندین دۆسێی جیاوازدا مشتومڕی دروستکردووە، لە بابەتی رەگەزپەرستییەوە تاوەکو لەدەستدانی خەڵاتی بالۆن دۆر.
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا، لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، بەشداری لە کۆنفرانسێک کردووە، بەناوی 'فێڵی بینراو و بیستراو' کە تایبەتە بەقسەکردن لەسەر بابەتی مافی گواستنەوەی یارییەکان لە جیهاندا.
 
تێباس لەمیانی قسەکردن لەو کۆنفرانسە، ڤینیسیۆسی بە 'هاککردن'ی یارییەکەی نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدرید تۆمەتبارکردووە. وایداناوە ئەو یاریزانە، یارییەکەی دزیوە.
 
لە کاتێکدا ریال مەدرید لە نێو ئانفێڵد بەرامبەر لیڤەرپوول بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا، ڤینیسیۆس بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداریی یارییەکە بکات و وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لە ماڵەوە تەماشای یارییەکە دەکات و پشتگیری هاوڕێکانی کردووە.
 
قسەکانی تێباس لەسەر وێنە بڵاوکراوەکەی ڤینییە، چونکە وەک دیارە، ئەو کەناڵەی ڤینی لێیەوە تەماشای یارییەکە دەکات، ئەو کەناڵە نییە کە بەفەرمی مافی گواستنەوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی لەنێو ئیسپانیا هەیە کە کەناڵی 'موڤی ستار'ە.
 
لە وڵاتانی دونیا، گواستنەوەی یارییەکانی تۆپی پێ لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان، تەنیا لە رێگەی ئەو کەناڵانەوەیە کە مافی گواستنەوەی یارییەکانیان کڕیوەتەوە و هەر کەناڵێکی دیکە یان کەسێک ئەو کارە بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و بەدزینی مافی گواستنەوە تۆمەتبار دەکرێت.
 
تێباس دەڵێ، "ئەگەر ڤینیسیۆس لە مەدرید بووبێت لە کاتی یارییەکەدا، کە پێموایە لەوێیە، ئەوەی کردوویەتی هاککردنە". تێباس دووپاتیدەکاتەوە، ڤینی لە کەناڵێکی مۆڵەتنەدراوەوە تەماشای یارییەکەی کردووە.
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا زیاتر دەڵێ، "ڤینیسیۆس بەتەماشاکردنی یارییەکە لە رێگەی کەناڵی 'تی بی تی سپۆرت'ی بەرازیلییەوە کە مافی پەخشکردنی یارییەکانی لەسەر خاکی بەرازیل نییە، یارییەکەی هاککردووە، ئەو کارەشی لە رێگەی بەکارهێنانی ڤی پی ئێن، یان هەر ئاپێکی دیکەوە بووە".
 
تێباس لە قسەکانیدا هۆشداریی داوەتە ریال مەدرید و ڤینیسیۆس و دەڵێ دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە، هەمووان رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکاتەوە.