مۆندیالی سعودیە لەئێستاوە فیفای شۆککردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، دۆسێی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 لەلایەن سعودیەوە، جیهانی سەرسامکردووە و بەرپرسانی فیفای شۆککردووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' لەپاش سەردانی شاندەکەی بۆ سعودیە، بەسەرسامییەکی زۆرەوە گەڕاوەتەوە.
فیدراسیۆنەکە، وەکئەوەی میدیای سعودیە ئاشکرایانکردووە، رایگەیاندووە، دۆسێی میوانداریکردنی سعودیە بۆ مۆندیالی 2034 بەرزترین هەڵسەنگاندنی لەمێژوودا بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، دۆسێیەکەی سعودیە، لەلایەن بەرپرسانی فیفاوە و بەپێی ستانداردەکانی پێدانی مافی میوانداریکردنی مۆندیال، لە کۆی 500 خاڵ، کۆی 419،8 خاڵی بەدەستهێناوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، هیچ دۆسێیەکی میوانداریکردنی مۆندیال لە مێژوودا ئەو هەڵسەنگاندنە بەرزەی بەدەستنەهێناوە و ئەوەش بەدەستکەوتێکی گەورە بۆ سعودیە دادەنرێت کە بەڵێنیداوە، مۆندیالێکی ناوازە لە 2034دا رێکبخات.
فیفا بڕیارە لە 11ی مانگی 12دا، هەڵسەنگاندنی فەرمیی خۆی بۆ دۆسێی میوانداریکردنی هەردوو مۆندیالی 2030 و 2034 رابگەیێنێت.
پێشتر شاندی فەرمیی فیفا، لە مانگی رابردوودا سەردانی سعودیەی کرد و بەشێک لە یاریگە و پڕۆژە تایبەتکراوەکان بۆ رێکخستنی مۆندیالەکەی بەسەرکردەوە.
بڕیارە لە مۆندیالی 2034دا کۆی 48 هەڵبژاردە لە سەرانسەری جیهان، بەشداریی بکەن.
سعودیە دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی ژمارەیەک یاریگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک یاریگەی دیکە. هەروەها پەرەپێدانی فڕۆکەخانە، هۆکارەکانی گواستنەوە و چەندین تایبەتمەندیی دیکەوە، مۆندیالێکی نموونەیی رێکبخات.