ریال مەدرید بەلیڤەرپوولی گوتوە: ئارنۆڵدمان دەوێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەنگاوێکی گەورەی بەئاراستەی بەدەستهێنانی ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری باڵی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ناوە.
 
گرێبەستی ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول لە مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو یاریزانە دەتوانێت لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی دەیەوێت.
 
تاوەکو ئێستا، لیڤەرپوول نەیتوانیوە ئارنۆڵد بەمانەوە لە ریزەکانی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی  بکات.
 
رادیۆی 'تۆک سپۆرت'ی ئینگلیزی دەڵێ، "کارگێڕیی ریال مەدرید بەهاوتاکەی لە لیڤەرپوول راگەیاندووە، ویستی ئەوەیان هەیە گرێبەست لەگەڵ ئارنۆڵدی 25 ساڵان بکەن".
 
هەنگاوەکەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە کە لیڤەرپوول متمانەی ئەوەی بەخۆی هەیە کە دەتوانێت گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، تاوەکو لە مانەوە لە یانەکە بەردەوام بێت.
 
رادیۆکە دەڵێ، ریال مەدرید پابەندنییە بەوەی کە لیڤەرپوول لە هەنگاوی داهاتووی خۆی لەگەڵ ئارنۆڵد ئاگاداربکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانە ئیسپانییەکە ئەو ویستەی خۆیان بەبەرپرسانی لیڤەرپوول گوتووە وەک رێزێک بۆ یانە ئینگلیزییەکە و لەپێناو پاراستنی پەیوەندیی باشی نێوان هەردوولا.
 
ریال مەدرید پێویستیی زۆری بەگرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکەرێکی باڵی راست هەیە، بەهۆی بەتەمەنداچوونی هەردوو یاریزانی یانەکە لەو باڵەدا کە دانی کارڤاخال و ڤاسکێزن. ئەمە جیا لەوەی ڤاسکێز تاوەکو سەرەتای وەرزی داهاتوو ناگەڕێتەوە یاریگەکان، بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەوە.
 
ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول پێگەیشتووە، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین بەرگریکەرانی باڵی راست لە جیهاندا. 
 
ئارنۆڵد هەروەها یاریزانی سەرەکیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە، 237 یاریی بەدرێسی لیڤەرپوولەوە ئەنجامداوە و 15 گۆڵی تۆمارکردووە. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لە 33 یاریدا چوار گۆڵی تۆمارکردووە.