مێسی و پاڵەوانی مۆندیال یەکەمن و عێراق مێژووی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ریزبەندی نوێی هەڵبژاردەکانی جیهان راگەیێنرا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو لە پلەی یەکەمی ریزبەندی گشتی مایەوە و هەڵبژاردەی عێراقیش مێژووی تۆمارکرد.
 
ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ریزبەندی نوێی هەڵبژاردەکانی راگەیاند، هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی پاڵاوتنەکاندا لە هەڵبژاردەی بەرازیلی بردەوە پارێزگاریی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکان کرد.
 
ئەرجەنتین لە پلەی یەکەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهان خاوەنی 1855.20 خاڵە، لە پلەی دووەم هەڵبژاردەی فەرەنسا دێت کە خاوەنی 1845 خاڵە.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پلەی سێیەمی گرتووە، بەلجیکا لە پلەی چوارەمە، هەڵبژاردەی بەرازیل دوو پلە دابەزیووە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهانە.
 
هەڵبژاردەکانی هۆڵەندا، پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و کرواتیا پلەکانی شەشەم تاوەکو دەیەمی ریزبەندی باشترین هەڵبژاردەکانی جیهانیان گرتووە.
 
لەسەر ئاستی ئاسیا هەڵبژاردەی عێراق، دوای ئەوەی دوو یاریی یەکەمی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی ئاسیادا بەدەستهێنا، بۆ یەکەمجار لە دوای بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیای 2007 توانیی خۆی بگەیێنێتە پلەی 63ـی باشترین هەڵبژاردەکان.