باڵۆن دۆرەکەی خانمانیش گلەیی لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ

جیا لەو کێشە و دەنگدانەوە گەورەیەی لە باڵۆن دۆری پیاوانی ئەمساڵ کەوتەوە، بەهۆی نەدانی خەڵاتەکە بە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری ئافرەتانیش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، لە پاریس خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دابەشکران، رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، خەڵاتی باڵۆن دۆری پیاوانی بردەوە. لەسەر ئاستی خانمانیش ئایتانا بۆتمانی یاریزانی خانمانی بارسێلۆنا، باڵۆن دۆری ئافرەتانی بردەوە.
 
بەشدارینەکردن و بایکۆتکردنی ریال مەدرید بۆ ئاهەنگەکە، بەهۆی پێنەدانی خەڵاتەکە بە ڤینیسیۆس، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ریال مەدرید ئەگەرچی راهێنەرەکەی بەباشترین راهێنەر و تیپەکەی بەباشترینی ساڵی 2024 دەستنشانکران، بەڵام هیچ نوێنەرێکی لە ئاهەنگەکەدا ئامادەنەبوو.
 
لیستی خانمانی بەربژێر بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، هاوتای لیستی پیاوان لە 30 یاریزان پێکهاتبوو، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە، لەنێو خانماندا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
 
فرانس فوتبۆڵ، کە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا خەڵاتەکەی دابەشکرد، کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لە گەرمەی رکابەریی هەڵبژاردەی ئافرەتاندا بەڕێوەبرد و ئەوەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
بەهۆی پابەندبوونی کچە یاریزانەکان بەیاریی هەڵبژاردەکانیان، لە کۆی 30 کچە یاریزانی نێو لیستی بەربژێرەکان، تەنیا حەوت کچە یاریزان ئامادەی رێوڕەسمەکەی پاریس بوون.
 
کچە یاریزانە بەشدارەکانی رێوڕەسمەکە، شەشیان یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بوون کە ناویان لە نێو لیستی بەربژێرەکاندا هەبوو. تەنیا یەک کچە یاریزان لە دەرەوەی ئەو یانەیە ئامادەبوو، ئەویش تابیسا چاوینگای یاریزانی خانمانی ئۆڵەمپیک لیۆنی فەرەنسی بوو.
 
سارینا ویگمان، راهێنەری خانمانی ئینگلتەرا، رێگەی نەدا هیچ یاریزانێکی تیپەکەی بەشداریی رێوڕەسمەکە بکات. ئەو راهێنەرە لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'ئاس'ی ئیسپانی دەڵی، "بەڕاستی کارێکی هیوابڕە، چونکە ئەو بۆنەیە کاتی یەکگرتن و ئاهەنگگێڕانە بەبۆنەی سەرکەوتنی تۆپی پێ خانمان و کۆبوونەوەمان وەک یەک کۆمەڵگە، هەموومان دەمانویست لەوێ ئامادەبین، بەڵام هەریەکەمان لەو کاتەدا کاری هەیە و دەبوو کارەکەمان ئەنجام بدەین، شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر کاتی ئەنجامدانی ئاهەنگەکە بگوازنەوە کاتێکی دیکە".
 
لای خۆیەوە، کۆسۆڤارە ئاسڵانی، یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی سوێد دەڵێ، "هیچ نەما بۆ گوتن، هەمووان دەزانن ئێمە بیر لە چی دەکەینەوە، کچە یاریزانەکان کێشەیان هەیە و کارەکە بێتام بووە. دەکرێ ئێمە هەر قسە بکەین، بەڵام قسەکردن بۆ دیوار چ سوودی هەیە؟ ئەمە یەکەمجار نییە کە سکاڵامان لە دۆخەکە هەبێت لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەوە".
 
رۆژی دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی باڵۆن دۆر، هەڵبژاردەکانی خانمانی ئەورووپا، بەشدارییان لە گەڕێکی دیکەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی خانمان کرد و هەڵبژاردەکانی دیکەش، یاریی دۆستانەیان لە گەڕێکی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدا.