نهێنی گەورە لەبارەی ناهەقییەکانی تێن هاگ بەرامبەر رۆناڵدۆ ئاشکراکران
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ لە مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتد، سەرچاوەیەک لەو یانەیە هەندێک رووداوی نەزانراوی لەبارەی پەیوەندی تێن هاگ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکراکرد. سەرچاوەکە دەڵێ پێشتر ئەو راهێنەرە هۆڵەندییە رۆناڵدۆی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکە دەرکردووە.
یانەی مانچێستەر یونایتد، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگی لە مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتد راگەیاند، پاشئەوەی تیپەکە لەوەرزی ئەمساڵدا ئاستێکی خراپی پێشاندا و لە نۆ یاریدا تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێنا.
لە دوای چوونە دەرەوەی تێن هاگ لە یانەکە، سەرچاوەیەک نهێنی سەرەتاکانی ناکۆکی نێوان ئەو راهێنەرە و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی یانەکەی ئاشکراکردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە ساڵی 2021 جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ مانچێستەر یونایتد، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ تێن هاگی راهێنەر، ساڵی 2022 لەو یانەیە رۆیشت.
سەرچاوەکەی نێو مانچێستەر یونایتد کە قسەی بۆ تۆڕی 'ئی ئێس پی ئێن' کردووە، دەڵێ یاریزانە گەورەکانی یانەکە لە مامەڵەی تێن هاگ لەگەڵ رۆناڵدۆ رازینەبوون، بەرلەوەی ئەو یاریزانە لە مانچێستەر یونایتد بڕوات.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ پاشئەوەی رۆناڵدۆ رازینەبوو وەک یەدەگ لە یاریی یانەکە بەرامبەر تۆتێنهام بەشداری بکات، تێن هاگ ئەوی لە تیپی یەکەم دوورخستەوە، تەنانەت رێگەی نەدا لە مەشقەکانی تیپی یەکەمدا بەشداری بکات.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، رووداوەکە ساڵی 2022 بووە، تێن هاگ هەر بەوەوە نەوەستاوە کە رۆناڵدۆ لە مەشقەکانی یانەکە دووربخاتەوە، بەڵکو رێگەی نەداوە ئەو یاریزانە بچێتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانیش.
سەرچاوەکە دەڵێ، تەنانەت، کاتێک رۆناڵدۆ ویستوویەتی بڕواتە ژووری جلگۆڕین بۆ ئەوەی پێڵاوەکانی بباتەوە، ستافی مانچێستەر یونایتد، بەفەرمانی تێن هاگ، رێگرییان لێکردووە و رێگەیان پێی نەداوە بچێتە ژوورەوە، هەر بۆیە رۆناڵدۆ داوای لە یاریزانێکی تیپی لاوانی مانچێستەر یونایتد کردووە پێڵاوەکانی بۆ بهێنێتە دەرەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، یاریزانانی یانەکە پێیان ناخۆش بووە بەو شێوەیە رەفتار لەگەڵ ئەفسانەیەکی یانەکە بکرێت.
دووشەممەی رابردوو، دوای دوورخستنەوەی تێن هاگ، راستەوخۆ دەنگۆی رێککەوتنی یانەکە لەگەڵ روبێن ئامۆریمی پۆرتوگالی و راهێنەری سپۆرتینگ لیسبۆن بڵاوکرایەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشتر ستایشی ئەو راهێنەرەی کردووە و گوتویەتی، "ئامۆریم شاعیرە".