ئەمشەو باڵۆن دۆرە و مێسی نزیکترینە

رووداو دیجیتاڵ

شەوی دووشەممە کاژێر 22:00، رێورەسمی باڵۆندۆر لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لە هۆڵی شاتێلێت لە پاریس بەڕێوەدەچێت و چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری تێدا دابەش دەکرێت. لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە بەربژێری سەرەکییە و دەیەوێت ریکۆردەکەی درێژە پێبدات و هەشتەمین باڵۆن دۆری خۆی بباتەوە کە زۆرترینە لەمێژوودا.
 
ئەو شتانەی پێویستە لەبارەی باڵۆندۆرەوە بیزانیت 
 
خەڵاتی بالۆن دۆر یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین خەڵاتە تاکە کەسییەکان کە ساڵانە بە یاریزانێکی تۆپی پێ دەبەخشرێت. لە ساڵی 1956 گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ یەکەمین جار خەڵاتەکەی دابەش کرد و یاریزانی ئینگلیزی ستانلی ماسیوس خەڵاتەکەی بردەوە، ئەمشەویش بۆ 67ـەمین جار لە مێژوودا خەڵاتەکە دابەش دەکرێت.
 
خەڵاتە جیاوازەکان و پێوەری دیاری کردنی براوەکان
 
رێورەسمی باڵۆن دۆر چەندین خەڵات لەخۆ دەگرێت و لە هەر خەڵاتێك پێوەری جیاواز بەکاردێت بۆ دیاری کردنی براوەکان و چەندین رۆژنامەڤان و ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی شایستەترین براوەکان. پێوەری دیاری کردنی براوەکان بۆ خەڵاتە جیاوازەکان بەم شێوەیە:
 
تۆپی ئاڵتونی پیاوان
 
خەڵاتی باڵۆن دۆری پیاوان بە باشترین یاریزانی پیاو دەبەخشرێت لەسەر بنەمای ئاستی یاریزانەکە لە وەرزی رابردوودا. کۆمەڵێك رۆژنامەڤان لە باشترین 100 وڵاتی تۆپی پێ، بەپێی ریزبەندی فیفا، دەنگ لەسەر خەڵاتی بالۆن دۆری پیاوان دەدەن. هەر وڵاتێك نوێنەرێك هەڵدەبژێرێت کە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتەکە دەدات. بەربژێرانی سەرەکی بردنەوەی خەڵاتەکە بۆ ئەمساڵ بەم شێوەیە: 
 
1- لیۆنێل مێسی
 
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لە وەرزی 2022/2023 توانی نازناوەکانی جامی جیهانی و خولی فەرەنسی و جامی سوپەری فەرەنسی بباتەوە و 42 گۆڵ و 26 ئاسیست لە وەرزەکەدا بکات. هەرچەندە مێسی نەیتوانی لە نیوەی دووەمی وەرزەکەدا ئاستێکی قایلکەر پێشکەش بکات، بەڵام پێدەچێت بەدیهێنانی خەونی 36 ساڵەی ئەرجەنتینییەکان و بردنەوەی جامی جیهانی بەس بێت بۆ ئەوەی مێسی درێژە بە ریکۆردەکەی بدات و باڵۆن دۆری هەشتەم بباتەوە. 
 

2- ئێرلینگ هالاند
 
یەکەم وەرزی هالاند لە پرێمەرلیگ سەرسوڕهێنەر بوو. ئەستێرە نەرویجییەکە توانی لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی سیانە مێژووییەکەی چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ و فاکەپ بباتەوە و 56 گۆڵ و 9 ئاسیست بکات. هەرچەندە تاکو کۆتایی مانگی چوار پێشبینی دەکرا کە هالاند بەربژێری سەرەکی بێت بۆ بردنەوەی بالۆن دۆر، بەڵام پێدەچێت ئەستێرەکەی سیتیزنس نەتوانێت خەڵاتەکە بباتەوە بەهۆی ئەوەی لە کۆتایی وەرزەکەدا نەیتوانی لە ئاستە باشەکەی بەردەوام بێت و تەنیا یەك گۆڵی لە دوایین هەشت یاری یانەکەی تۆمارکرد. 
 

 

تۆپی ئاڵتونی ئافرەتان
 
خەڵاتی باڵۆن دۆری ئافرەتان بە باشترین یاریزانی ئافرەت دەبەخشرێت و لەلایەن دەستەیەکی رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتییەوە کە لە 50 رۆژنامەڤان پێکهاتووە بڕیاری لەسەر دەدرێت. 
 
خەڵاتی کۆپا
 
ئەم خەڵاتە دەدرێت بە باشترین یاریزانی جیهان کە تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر بێت. لە ساڵانی رابردوودا، هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و پێدری و گاڤی براوەی ئەم خەڵاتە بوون. خەڵاتی کۆپا لەلایەن براوەکانی پێشووی باڵۆن دۆرەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و براوەکەی دیاری دەکرێت، ئەم خەڵاتە بە یەکێك لە گرنگترین خەڵاتەکان دادەنرێت بۆ ئەو یاریزانانەی کە تەمەنێکی کەمیان هەیە. 
 
 
خەڵاتی یاشین 
 
لە مێژووی تۆپی پێدا، تەنیا یەك گۆڵپارێز توانیویەتی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، ئەویش لیڤ یاشینی گۆڵپارێزی یەکێتی سۆڤیەت بوو کاتێك لە ساڵی 1963 خەڵاتەکەی بردەوە. ساڵی 2019 گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ یەکەمین جار خەڵاتی یاشینـی پێشکەش بە ئالیسۆن بێکەری گۆڵپارێزی لیڤەرپوول کرد وەك باشترین گۆڵپارێز لەو ساڵەدا. براوەی خەڵاتی یاشین بە هەمان شێوەی خەڵاتی بالۆن دۆری پیاوان لەلایەن پانێڵێکی 100 ڕۆژنامەنووسەوە بڕیار دەدرێت.