رێکخراوێکی ژنان داوا لە فیفا دەکات ئێران لە جامی جیهانی دووربخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی ئافرەتان داوا لە فیفا دەکات ئێران لە جامی جیهانیی تۆپی پێ دووربخاتەوە، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە قەتەر بکرێت. هۆکارەکەشی بۆ "ئەشکەنجەدانی" خەڵکەکەی دەگەڕێنێتەوە.
لە نامەیەکدا کە رۆژی پێنجشەممە بۆ جانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا ناردوویەتی، رێکخراوی ئۆپن ستەیدیەم باس لەوە دەکات، بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە رێگەنەدانی هاندەرانی کچ و ژن لە بەشداریکردنیان لە یارییەکانی تۆپی پێی نێو وڵاتەکە.
رێکخراوی ئۆپن ستەیدیەم، بزووتنەوەیەکی ژنانی ئێرانییە کە چالاکییەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا دەکەن و داوای کۆتاییهێنان بە "جیاکاریی دژ بە ژنان" و رێگەدانیان بۆ بەشداریکردن لە یاریگەکاندا دەکەن. رێکخراوەکە لە نامەکەیدا دەڵێت، "بەگوێرەی بڕگەی 3 و 4ـی یاسای فیفا، داوا دەکەین دەستبەجێ ئێران لە جامی جیهانیی 2022ـی قەتەر دوور بخرێتەوە".
رێکخراوەکە دەڵێت: "یەکێتیی تۆپی پێی ئێرانی نەک هەر هاوبەشە لە تاوانەکانی رژێم، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی هاندەرە کچ و ژنەکان لە ئێراندا". دەشڵێت، لەبەر ئەم هۆکارە، "نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە بەشداریکردنی ئێران لە جامی جیهانیی ئەمساڵ رادەگەیێنین".
لە درێژیی نامەکەیدا، رێکخراوەکەی داکۆکیکاری مافی ئافرەتان دەڵێت، "بۆچی دەبێت فیفا رێگە بە ئێران و نوێنەرانی دەدات لە سەکۆیەکی جیهانیدا بەشداربن، لەکاتێکدا نەک هەر رێز لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ ناگرێت، بەڵکو خەڵکەکەی خۆی ئەشکەنجە دەدات و دەیانکوژێت؟"
هەڵبژاردەی ئێران لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی قەتەر، توانی سەرکەوت، لە کۆمەڵەی Bی یارییەکاندا بەرامبەر هەر یەک لە ئینگلاند، وەیڵز و قەتەر یاری دەکات. بەمەش، ئێران بۆ شەشەم جارە لە مێژوویدا بەشداری لە جامی جیهانیدا دەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، ماوەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بەهۆی گرژیی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، تاوەکو ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 19 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگشتیش لە هەموو ئێران 54 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەوە جگە لە دەستگیرکردنی سەدان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرووی 2500 کەس لە سەرتاسەری ئێران.