ڤیدیۆ؛ بنزیما رێگەی گۆڵکردنی دۆزییەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

وادیارە کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی، رێگەی گۆڵکردنی دۆزیوەتەوە و دەیەوێت ئەم وەرزە بەشێوەیەکی جیاواز لە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانە سعودییەکەی دەربکەوێت.
 
بنزیما سەرکردایەتی یانەی ئیتیحادی کرد بۆ بردنەوەیەکی نوێ و بەدەستهێنانی سێ خاڵی تازە لە خولی رۆشنی سعودی.
 
لە یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی سعودیەدا، ئیتیحاد لەسەر یاریگای شا عەبدوڵڵا سپۆرت سیتی لە شاری جدە، میوانداری تەعاونی کرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە.
 
هەردوو یانە لە سەرەتادا چەندین هەلیان بەفیڕۆدا، و گێمی یەکەم بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
دوای چارەکێک لە دەستپێکی گێمی دووەم، موسا بارۆی پیشەگەری گامبی، بە لێدانێکی مووشەکئاسا تۆڕی پرێدراگ راجکۆڤیچی گۆڵپارێزی ئیتیحادی هەژاند و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
ئیتیحاد بەسەرکردایەتی کەریم بنزیما و حوسام عەوار گوشاری خستە سەر میوانەکەی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، کە لە خولەکی حەفتادا لە رێگەی کەریمەوە ئەو کارەیان کرد و ئەنجامەکە بووە 1-1.
 
کەریم و هاوڕێکانی سووربوون لەسەر بردنەوە و لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، لێدانێکی سزا لەلایەن ناوبژیوانەوە بۆیان هەژمارکرا و حوسام عەواری جەزائیری بەسەرکەوتووی جێبەجێیکرد و سەرکەوتنی بە ئیتیحاد بەخشی.
 
بەم سەرکەوتنە، ئیتیحاد لە دوو یارییدا بە بەدەستهینانی دوو سەرکەوتن 6 خاڵی کۆکردەوە. لە کاتێکدا ژمارەی گۆڵەکانی تەعاون بە 3 خاڵ مایەوە.