"جەمال موسیالا وەک مارادۆنایە"


رووداو دیجیتاڵ

ئۆلی هۆنیس، سەرۆکی شانازیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەڵێ، جەمال موسیالای یاریزانی لاوی یانەکەی، لە ئاستی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتیدایە.
 
هۆنیس لەبارەی مشتوڕی مانەوە یان رۆیشتنی ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکەری یانەکەیەوە قسەیکردووە، لە پەیامێکی راستەوخۆدا دەڵێ، "ئەگەر ئەو سووربێت لەسەر نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئێمەش رێگەی نادەین لە هاوینی ئەمساڵدا بڕوات و ناچاری دەکەین تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025 لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە".
 
دەیڤز تاوەکو ئێستا رازی نییە بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن، باسی ئەوەدەکرێت ئەو یاریزانە ویستی زۆری هەیە بۆ چوونە ریال مەدرید، لە هاوینی ئەمساڵدا یان ساڵی داهاتوو.
 
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی لەزاری هۆنیسی گواستەوە، "بەڕوونی بەدەیڤزمان گوتووە، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە، تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی چاوەڕێی دەبین و ئەوکات هیچ پارەیەکیشی پێنادەین".
 
هەروەها دەڵێ، "هیوادارم بتوانین گرێبەست لەگەڵ فلۆریان ڤێرتزی ناوەراستکاری بایرلیڤەرکوزن، ئەگەرچی ئەو تاوەکو 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەیدا هەیە".
 
هۆنیسی باسی لە پێویستیی گەشەپێدانی بەهرەمەندە لاوەکان لە یانەکەیدا کردووە، دەڵێ، "شێوازی پێگەیاندنی لامین یامال زۆر نایابە، هیوادارم ئەلفۆنسۆش هەمان شت بکات".
 
سەرۆکی شانازیی بایرن میونشن هەروەها دەڵێ، "هاوڕێیەتیم لەگەڵ موسیالا و فلۆریان ڤێرتز هەیە، هیوادارم لە بایرن بینینین، پێموایە ئەو هەموو هەرایەی لە چواردەوری ئەوان دروستکراوە ناڕاستە، جەمال ئەگەرچی دەتوانێت وەک مارادۆنا بێت، بەڵام بەراوردکردنی بەو کارێکی هەڵەیە، چونکە ئەوە خزمەت بەیاریزانێکی لاوی وەک موسیالا ناکات و دەیانخاتە ژێر گوشاری زۆرەوە".