تور دو فرانسی خانمان.. ڤۆلێرینگ بەشێوەیەکی دراماتیکی درێسی زەردی لە کۆپکی وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ

 

دێمی ڤۆلێرینگ، خانمە پایسکیلسواری هۆڵەندی، لە قۆناخی حەوتەم و پێش کۆتایی تور دو فرانسی خانماندا، بە شێوازێکی دراماتیکی بووە خاوەنی درێسی زەرد و لە چنگی لۆتی کۆپکیی خانمە پایسکیلسواری بەلجیککی دەرهێنا.
 
خانمە پایسکیلسوارەکەی تیپی ئێس دی وۆرکس لە گەڕی حەوتەمدا لەلایەن کۆمەڵێک خانمی دیکەوە رکابەرییەکی بەهێز کرا، بەڵام دواتر بەسەریاندا سەرکەوت و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
ڤۆلێرینگ بەم سەرکەوتنە توانی پێشەنگی ریزبەندیی گشتی گەشتەکە لە هاوڕێی تیپەکەی لۆتێ کۆپکی وەربگرێت، کە بە گشتی بۆ پلەی شەشەم دابەزی، لە کاتێکدا بە درێژایی گەشتی ئەمساڵ لە پێشەنگ بووە.
 
ئانێمێک ڤان ڤلۆتن، لە تیپی مۆڤیستار پشتگیری لە کۆلۆنێل دی ئاسپینی خاوەنی نازناوی ساڵی رابردوو کرد لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی لە رکابەرەکانی تێپەڕێت، بەڵام ئاسپین نەیتوانی دەستکەوتەکەی 12 مانگ لەمەوبەر دووبارە بکاتەوە.
 
هەروەها کاسیا نیڤیادۆما هەوڵی دا گوشار بخاتە سەر ڤۆلێرینگ، بەڵام ئەو لە دوایین پێنج کیلۆمەتری کۆتاییدا بەخێراییەکی زۆرەوە دەستیپێکرد و توانی بگاتە ئامانجە گەورەکەی.
 
ئەم دەستکەوتەی ڤۆلێرینگ لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوایین گەڕی تور دو فرانسی بەڕێوەدەچێت و خانمە پایسکیسوارە هۆڵەندییەکە بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ دووەمی ریزبەندیی گشتی لە پێشەنگدا شوێنپێی قاییمکرد، کە ماوەک بریتییە لە یەک خولەک و پەنجاو هەشت چرکە کە نیڤیادۆمایە. هەروەها دوو خولەک و سی و چوار چرکە پێش ڤان ڤلۆتنی سێیەمی ریزبەندی دێت.
 
قۆناخی کۆتایی تور دو فرانسی خانمان ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، کە تاقیکردنەوەی کاتی تاکەکەسییە و ماوەکەی تەنیا 22 کیلۆمەترە. لە پاو بەڕێوەدەچێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر ریزبەندیی گستییەوە نابێت.