دهۆک ئەرکی قورسە و هەولێریش دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 26ـی خولی یانە نایابەکانی عێراق بەردەوامدەبن، ئەمڕۆ دوو یانەی دیکەی کوردستان یارییدەکەن، دهۆک ئەرکی قورسە و هەولێریش دەیەوێت رێگەی راست بدۆزێتەوە.
کاژێر 16:00 لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قوە جەوییە یارییدەکات، یارییەکە بۆ دهۆکییەکان قورسە، لەکاتێکدا لە 5 یاریی رابردوودا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هیچ بردنەوەیەکی نەبووە، رکابەرەکەشی پێشەنگی ریزبەندی خولی عێراقە.
پێکهاتە سلێمان رەمەزان چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەتە بەغدا و ئامادەکارییەکی زۆری بۆ یارییەکە کردووە، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن بە ئەنجامێکی باشەوە لە بەغدا بگەڕێنەوە.
یارییەکە راستەوخۆ لە سەر پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداو عەرەبییە بە کۆمێنتاریی لاوین هابیل دەگوازرێتەوە.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 18:30 دەکرێت، یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا و لەبەردەم هاندەرانیدا میوانداریی یانەی دیوانییە دەکات.
هەولێر لە گەڕی رابردوودا دوای 11 یاریی بەبێ دۆڕان بە یانەی شورتە دۆڕا، دەیەوێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات کە لە قۆناخی دووەمی خولەکەدا بەدەستیهێناون، بەتایبەت کە رکابەرەکەیان خراپترین یانەی ئەم وەرزەی خولی عێراقە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکە تەنیا 7 خاڵی کۆکردووەتەوە.