میدیای فەرەنسا: مێسی و رامۆس دەڕۆن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ناچاربووە دەرگای چوونە دەرەوەی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و سێرجیۆ رامۆس بۆ ئەو دوو یاریزانە بکاتەوە کە لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی دێت.
 
ئەمە نوێترین قسەی میدیای فەرەنسایە لەبارەی دانوستاندنی نێوان پاریس سانجێرمان، لەگەڵ هەریەکە لە مێسی و رامۆسدا.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە پی ئێس جی، ویستی بەردوامبوونی ئەو دوو یاریزانەی هەیە، بەڵام دەیەوێت مووچەکانیان کەمبکەنەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لیۆ مووچەی 3.375 هەزار یۆرۆی مانگانە وەردەگرێت و رامۆس مانگانە 791 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت. سانجێرمان چاوی لە کەمکردنەوەی ئەو مووچانەیە.
 
گرێبەستی هەردوو یاریزانەکە لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتاییان دێت، بەڵام هەردوو یاریزان دەستەوارەیان لە شوێنی دیکەوە بەدەستگەیشتووە، بەتایبەت لە یانەکانی سعوودیەوە.
 
'لیکیپ' زیاتر دەڵێ، یانەی هیلانی سعوودی دەستەوارەی مووچەیەکی زیاتر لە مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی داوەتەوە مێسی، لە کاتێکدا یانەی نەسڕ مووچەی 30 ملیۆن یۆرۆی لە وەرزێکدا پێشکێشی سێرجیۆ رامۆس کردووە.
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، مێسی ویستی بەلای رۆیشتنە لە سانجێرمان، پێناچێ کارگێڕیی سانجێرمان گوشاری لێبکەن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
هەرچی رامۆسە، یانە پاریسییەکە نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ میلان شکرینیاری بەرگریکەری ئینتەرمیلان لە گرێبەستێکی ئازاددا، بۆ شوێنگرتنەوەی رامۆس.
 
'لیکیپ' لە کۆتاییدا دەڵێ، سانجێرمان ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکەوتنێکیەتی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ پێداچوونەوە و باشکردنی دۆخی دارایی یانەکە لە ماوەی سێ ساڵدا، لە کاتێکدا پێشتر بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بەهۆی لادانی لە بڕگەکانی یاسای یاریی خاوێن، سزادراوە و نایەوێت جارێکی دیکە رووبەڕووی هەمان دۆخ ببێتەوە.