مۆدریچ لە ریال مەدرید تووڕەیە و ئەنچیلۆتیش لە کرواتیا


رووداو دیجیتاڵ

لە چەند کاژێری رابردوودا، رووداوەکانی پەیوەست بە داهاتوو و دەرکەوتنی لۆکا مۆدریچ لەگەڵ هەڵبژاردەی کرواتیا، ئەو یاریزانە و راهێنەری ریال مەدریدی بە دوو هۆکار و ئاراستەی جیاواز تووڕەکردووە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، لۆکا مۆدریچ، یاریزانی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید، تووڕەیە لە هەڵوێستی بەرپرسانی یانەکەی.
 
گرێبەستی لۆکا مۆدریچ لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بەهۆی ئەوەوە مۆدریچ دەتوانێ بەخۆڕایی گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەکدا بکات کە خۆی بیەوێت. چونکە گرێبەستەکەی لە یەنایەری رابردووەوە کۆتایی هاتووە.
 
میدیای ئیسپانی گوتوویانە، بێدەنگیی ریال مەدرید، وایکردووە مۆدریچ هەست بەتووڕەیی بکات، لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا دەستەوارەی فەرمی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێش نەکراوە و هیچ بەرپرسێکی یانەکەش باسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵدا نەکردووە.
 
میدیاکان دەڵێ، لۆکا هەست بەبێئومێدی دەکات، لەبەرئەوەی دەیەوێت تاوەکو دوا ساتی یاریکردن هەر لە ریال مەدرید بێت و لەوێ کۆتایی بەکاروانی یاریکردنی خۆی بهێنێت.
 
ئەو میدیایانە روونیان کردووەتەوە، ریال مەدرید تاوەکو ئێستا گومانی لەوە هەیە، لۆکا توانای بەردەوامبوونی بە ئاستێکی باشەوە بۆ وەرزێکی دیکەش هەبێت، گەرچی مۆدریچ لە پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەردا، سەرەکییە.
 
هەر لەبارەی لۆکا مۆدریچەوە، بەرپرسانی هەڵبژاردە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا، بوونەتە هۆکاری تووڕەکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید.
 
ئەنچیلۆتی، تووڕەیی خۆی پێشانداوە لە هەڵسوکەوتەکانی هەڵبژاردەی کرواتیا بەرامبەر بە لۆکا مۆدریچ.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید پێشتر داوای لە هەڵبژاردەی کرواتیا کردووە، لە یاریی هەڵبژاردەکاندا، بەشێوەی سەرەکی و تاوەکو کۆتایی، یاری بە مۆدیچ نەکرێت، بەڵام بەرپرسانی هەڵبژاردەکە ئەو داوایەیان پشتگوێخستووە.
 
مۆدریچ لە دوو یاریی هەڵبژاردەکەیدا بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە، لە یاری یەکەمدا لە کاتی زیادکراودا دانیشێنرا و لە یاریی دووەمیشدا تاوەکو خولەکی 84 لە نێو یاریگەدا بوو.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەنچیلۆتی لەم کارەی کرواتییەکان تووڕەبووە و بە داڤیدی کوڕی گوتووە، "لە کرواتیا کەس حسابی بۆ قسەی ئێمە نەکرد".
 
ریال مەدرید، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر بارسێلۆنا یاریدەکات لەسەر یاریگەی کامپ نو. رۆژی یەکشەممەش لە لالیگادا بەرامبەر ڤایادۆلید یاریدەکات.
 
پێشتر ریال مەدرید یاریی چوونی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندووە، کە ئیدێر میلیتاوی بەرگریکەری ریال مەدرید، بەهەڵە لە یانەکەی تۆمارکرد.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، کارلۆ ئەنچیلۆتی بەنیاز بووە مۆدریچ لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا بەسەرەکی یاریی پێبکات، وەکئەوەی لە زۆرینەی یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزدا ئەنجامیداوە.