شۆڕشێکی گەورە لە بارسێلۆنا دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت چەندین یاریزانی دیاری پێکهاتەکەی بفرۆشێت و گۆڕانکاری ریشەیی لە یانەکەدا بکات.
 
بارسێلۆنا بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، یانە کەتەلۆنییەکە جامی سوپەری ئیسپانیای بە ریال مەدرید دۆڕاند و لە جامی شای ئیسپانیاش کرایە دەرەوە، سەرەڕای ئەوەش لە لالیگا 10 خاڵ لە دوای ریال مەدریدی رکابەرییەوە دێت، دوای ئەو ئەنجامە خراپانە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەست لە کار دەکێشێتەوە و یانەکە بەجێدەهێڵێت.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، دوای دەست لەکارکێشانەوەکەی چاڤی، دێکۆی بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت و چەندین ئەستێرەی دیاری یانەکە دەفرۆشێت، دوو قوربانی یەکەمیش سێرجی رۆبێرتۆ و مارکۆس ئەلۆنسۆن، کە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێن و دێکۆ نیازی نوێکردنەوەیانی نییە، رافینیاش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی کە رەنگە بە مەبەستی کۆکردنەوەی داهات لەلایەن یانەکەوە بفرۆشرێت.
 
بەپێی هەواڵەکان، ئامانجی دێکۆ کۆکردنەوەی 200 ملیۆن یۆرۆیە لە فرۆشتنی یاریزانان، بەو پارەیەش دەیەوێت چەند ئەستێرەیەکی گەورە بگوازێتەوە یانەکە و رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات. 
 
گرێبەستی سێرجی رۆبێرتۆ تەنیا 5 مانگی ماوە لە بارسێلۆنا کۆتاییدێت، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا هیچ دەستەوارەیەکی لەلایەن یانە کەتەلۆنییەکەوە پێشکێشنەکراوە، هەرچەند ئەو دەیەوێت لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە، مارکۆس ئەڵۆنسۆش تووشی پێکانبووە و تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەک بۆ گواستنەوەی نەهاتووەتە سەر هێڵ.