ئەمڕۆ شێرکۆ کەریم دەگاتە هەولێر و ئاسۆ رۆستەمیش داوای پارەیەکی زۆر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بەتەواوی لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی شێرکۆ کەریم نزیکبووەتەوە و ئاسۆ رۆستەمیش، بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە داوای پارەیەکی زۆر دەکات.
 
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " شێرکۆ کەریم و ئاسۆ رۆستەم بە کوڕی یانەی هەولێر دەزانین، لەگەڵ هەردوو یاریزانەکە لە گفتوگۆداین و دەمانەوێت بگەینە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوانماندا نییە."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر زیاتر گوتی " هەردوو یاریزانەکە زۆرباش و نموونەن، گفتوگۆکردن لەگەڵ هەردوو یاریزانەکە بەردەوامە و دەکرێت بەگوێرە بارودۆخی یانەکە باس لە گواستنەوەی یاریزانان بکەین، بەتایبەت کە یەک قۆناخی خولی عێراق ماوە و ناکرێت بە پارەی زۆر گرێبەست بکەین، ئەوەی لەبارەی شێرکۆ کەریمەوە هەیە، ئەوەیە کە ئەمڕۆ سەردانی یانەکە دەکات و کۆبوونەوەی لەگەڵ دەکەین، ئەگەر لەسەر ئەو بڕە پارەیەی ئەو داوایدەکات، بگەینە رێککەوتن ئەوا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ دەکەین، بەتایبەت کە راهێنەر داوای ئەو یاریزانەی کردووە و لەسەر داوای راهێنەر بووە."
 
وەلید عارەب بە رووداوی گوت " ئەگەر هەردوو یاریزان، شێرکۆ کەریم و ئاسۆ رۆستەم پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە بکەن، ئەوا هیچ گرێبەستێکی دیکە ناکەین، شەوی رابردوو لەگەڵ شێرکۆ کەریم قسەمکردووە و ئەحمەد شوکریش پەیوەندیی بە ئاسۆ رۆستەمەوە کردووە، ئەو پارەیەی ئاسۆ رۆستەم داوایدەکات زۆرە، کە ئەو داوای 200 ملیۆن دینار دەکات و بۆ یەک قۆناخ بۆ ئێمە زۆرە و بارگرانییەکی زۆرە لەرووی داراییەوە، هەرچەندیش دەمانەوێت یاریزانە کوردەکان لە یانەی هەولێر یاری بکەن بۆ ئەوەی زیاتر چاوی هەڵبژاردەی عێراقیان لەسەر بێت."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی کێشە داراییەکانی یانەکەیەوە گوتی " ئێمە کێشەی داراییمان هەیە، بەڵام بەوشێوەیە نییە کە باسدەکرێت، ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە کە مووچەی یاریزانەکانمان لە سەرچاوەی داهاتی یانەکەوە درەنگ وەردەگرین، بەمەش مووچەی یاریزانەکان دوادەکەوێت."
 
یانەی هەولێر ماوەیەکە گفتوگۆ لەگەڵ هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و ئاسۆ رۆستەم دەکات، دوای ئەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانی کوێتی کوێتی و سالمیەی کوێتی هەڵوەشاندەوە، بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت ئەنجامەکانی لە خولی نایابی عێراقدا باشتربکات و رکابەری لەسەر نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی عێراق بکات.