لیژنەیەک لەسەر کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەی عێراق پێکدەهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، داوای لێبوردن لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە دەکات، دوای ئەوەی لە جامی کەنداو کرانە دەرەوە و ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
دوای ئەوەی لە سێیەم یارییاندا لە جامی کەنداودا، بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە دۆڕان و ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی جامی کەنداو کرد، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فیدراسیۆنەکە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو هاندەرانە دەکات کە یاوەری هەڵبژاردەکەیان کرد لە پاڵەوانێتییەکەدا و لە هەموو بۆنەکاندا پاڵپشتیی هەڵبژاردەکە دەکەن و هیوامان وابوو تیپەکەمان بە ئاستێکی باشترەوە دەربکەوێت بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین کە سەرچاوەی ئیلهام و خۆبەخشیمانن بۆ کارەکەمان.
عەدنان درجال دەڵێت "پێویستە وانە وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خواستی هاندەران بکەین بۆ بینینی تیپەکەیان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو و گەیشتن بەو خەونەی 40 ساڵە چاوەڕێی دەکەن."
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ یاریزانەکان کە چەند کاژێرێکی کەم دوای یارییەکە لە کوێت ئەنجامدرا داوای لە یاریزانەکان کرد، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ یانەکانیان پابەندی پلانەکانی مەشق و راهێنانەکانیان بن و خۆیان ماندووبکەن بۆ گەیشتن بە ئامادەیەکی زۆر تەواو بەر لەوەی پاڵاوتنەکانی داهاتووی مۆندیال دەستپێبکەن و داوای پاڵپشتی لە هاندەران و میدیای وەرزشیش دەکات بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی تیپەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.
درجال لە قسەکانیدا بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی گوت "لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێنن بۆ بەشداریکردنیان لە جامی کەنداوی 26 و روونکردنەوەی لایەنە هونەرییەکان و ئەو لایەنە نەرێنیانەی کاریگەرییان لەسەر تیپەکە هەبوو بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بەر لە وەی یارییەکانی بەرامبەر کوێت و فەلەستین بکەین لە پاڵاوتنەکاندا.
ئەم قسانەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کاتێکدایە، بەر لە یارییەکە بە چەند رۆژێک یونس مەحموود گوتبووی "بۆ سعودیە بۆ بردنەوەی جامەکە هاتووە؟" ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەر لە یارییەکە و لە دوای یارییەکەش سعودییەکان قسەی زۆریان لەبارەوە کرد و بەشێکی هاندەرانی عێراقیش ئەو قسانەی یونس مەحموود بە هۆکارێک بۆ کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکەیان دەزانن.
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 26 لە سێ یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و دوو یاریی دۆڕاند، بەمەش لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا کرایە دەرەوە و نەیتوانی پارێزگاری لە نازناوی جامەکە بکات.