کچێکی کورد 6 میدالیای زێڕ دەباتەوە و سەرۆکایەتی هەرێم پیرۆزبایی لێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
خانمە یاریزانێکی کوردی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لە رۆژێکدا 6 میدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەبدا بەدەستهێنا و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لێکرد.
یارییەکانی پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب لە شارۆچکەی شەقڵاوە بەردەوامن، کە بە بەشداری زیاتر لە 200 یاریزانی کوڕ و کچی 14 وڵاتی عەرەب بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی كچانی عێراق کە سەرجەم یاریزانەکانی کوردن بەربژێری بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
ئیناس موحسین، کچە پاڵەوانی کورد توانی 6 میدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب لە شەقڵاوە بباتەوە.
ئیناس سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی و ئاستەبەرزەکەی راکێشا دوای ئەوەی لە کێشی 59 کیلۆگرام توانی لە نەتر 66 کیلۆگرام بەرز بکاتەوە و لە خەتفیش 59 کیلۆگرام.
ئەم کچە کوردە کۆنتڕۆڵی ستەیجی پاڵەوانێتییەکەی کرد و رکابەرەکانی نەیانتوانی ململانێی بکەن، ئەو بە ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی وای لە بەرپرسانی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب کرد شەش میدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکەی لە مل بکەن.
هەر لەو کێشەدا رازاوە لوقمان کچە یاریزانی کورد دوو میدالیای زیو و میدالیایەکی برۆنزی بردەوە و پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی وەرگرت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە یاریزانانی سەرکەوتووی پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی کرد، کە لە شەقڵاوە بەڕێوەچوو، بەتایبەت کچە یاریزانی یانەی وەرزشی ھەولێر ئیناس موحسین کە لە بەرزکردنەوەی قورسایی لە کێشی 59 کیلۆگرامدا 6 مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
ئیناس و رازاوە دڵخۆشن
ئیناس موحسین و رازاوە لوقمان. لە دوو لێدوانی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، دڵخۆشیی خۆیان بەو ئاست و ئەنجامانە نیشاندا کە لەو پاڵەوانێتییەدا بەدەستیانهێناون و هیوایان خواست لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان.
راهێنەری هەڵبژاردەی بەحرەین کوردە
خەبەر پاشا، راهێنەرێکی کوردە و خەڵکی خانەقینە، ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی کوڕان و کچانی بەحرەینە لە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی.
ئەم وەرزشوانە کوردە پێشتر 26 ساڵ راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە، بەڵام سێ ساڵە روویکردووەتە وڵاتی بەحرەین و دەیەوێت تیپێکی بەهێز بۆ ئەو وڵاتە دروست بکات، ئێستا پاشا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەحرەین لە شەقڵاوەیە و یاریزانەکانی توانیویانە 6 میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی ببەنەوە.
ئەم راهێنەرە پلانی داناوە بۆ گەیاندنی زەینەب عەلی کچە یاریزانی بەحرەینی بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی داهاتوو لە پاریس، هەر بۆیە بایەخێکی زۆر بە راهێنان و بەرنامەی بەشدارییەکانی ئەم کچە یاریزانە دەدات.
خەبەر پاشا، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی بەحرەین، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداودا، گوتی "من کوردم، جێگەی خۆشحاڵییە کە وەک کوردێک راهێنەری هەڵبژاردەی بەحرەینم، زۆر دڵخۆشم کە لە کوردستانم، لە وڵاتی خۆم، جێگەی شانازییە کە هەولێر بەو شێوەیە جوان بووە و پێشکەوتووە، هیوادارم بەردەوام بێت لە بەرەوە پێشچوون".
ئیسراش پاڵەوان بوو
ئیسرا موحسین، کچە پاڵەوانی کوردی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز سێ میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی بردەوە.
یارییەکانی پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب لە شارۆچکەی شەقڵاوە بە بەشداری زیاتر لە 200 یاریزانی کوڕ و کچی 14 وڵاتی عەرەب بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی كچانی عێراق کە سەرجەم یاریزانەکانی کوردن بەربژێری بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
لە رۆژی یەکەمی کێبرکێکەدا هەڵبژاردەی کچانی عێراق بە سێ یاریزانی کورد کۆنتڕۆڵی ستەیجی رکابەرییەکانی عەرەبیان کرد، سەرەتا ئیسرا موحسینی خانمە یاریزانی کورد سەرنجی هەمووانی راکێشا و سەرجەم میدالیا زێڕەکانی وەرگرت دوای ئەوەی لە نەتر 65 کیلۆگرامی بەرزکردەوە، هەروەها لە خەتف 61 کیلۆگرامی بەرزکردەوە لە کۆی گشتیش رکابەری نەبوو، دوای ئەو دەریا محەممەد سێ میدالیای زیو و سێ میدالیای برۆنزی لە مل کرا، هەروەها ئیمان محەممەد سێ میدالیای میدالیای زیو و سێ میدالیای برۆنزی بردەوە.
ئیسرا موحسین، پاڵەوانی کوردی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەستێکی یەکجار خۆشم بەو دەسکەوتە هەیە کە بەدەستمهێناوە و شانازی پێوە دەکەم، سوپاس بۆ هاندانی بەردەوامی دایکم کە لەگەڵمە و بەردەوام رێنمایم دەکات و یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق و یانەی هەولێریش بەردەوام پاڵپشتیم دەکەن".