زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دەچێتە رۆما


رووداو – هەولێر


رۆژنامەیەکی سوێدی ئاشکرایکردووە، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی یاریزانی سوێدی لە یانەی رۆمای ئیتاڵیدا کۆتایی بەکاروانی وەرزشی خۆی دەهێنێت.

رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سوێدی لە راپۆرتێکیدا ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە داهاتوودا روودەکاتە یانەی رۆما، ئەم هەواڵەشی لەسەر زاری کەسێکی نزیکی ئێبراوە دەستکەوتووە.

ماڵپەری تووتۆ سپۆرتی ئیتاڵیا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ کاروانی وەرزشی خۆی لە یانەی رۆما کۆتایی پێدێنێت. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، یانە ئیتاڵییەکە گرنگی بە ئیبراهیمۆڤیچ داوە، بەتایبەت دوای ئەوەی جالۆرۆسۆ لە خولی یانە پاڵەوانەکان ماڵئاواییکرد و بەرپرسانی یانەکەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ ئەستێرەیەکی گەورە ناتوانێت رکابەری لەو پاڵەوانیەتییەدا بکەن.

رۆژنامە سوێدییەکە جەختیشی لەوەکردووەتەوە ئیبراهیمۆڤیچ ئەو کاتەی تەمەنی ٢١ ساڵان بووە، زۆر حەزی لە یاریکردن بووە بۆ یانەی رۆما و ئەو یانەیەی خۆش دەوێت.

ئیبراهیمۆڤیچی 33 ساڵ، باوکی خەڵکی بۆسنیایە و ناوی شەفیقە، دایکیشی خەڵکی کڕواتیایە و خۆشی لە سوێد لە دایکبووە، تا ئێستا یاری بۆ 7 یانە ئەنجامداوە و لە ژیانیشیدا 697 یاری هەڵبژاردە و یانەکان کردووە و 375 گۆڵیشی بۆ تۆمارکردووە.