چامپیۆنزلیگ.. مان یونایتد لەژێر مەترسییەکی گەورەدا دەچێتە تورکیا

رووداو دیجیتاڵ
 
شەوێکی دیکەی پڕ لە یاری بەهێز و سەرنجراکێش لە میانی یارییەکانی گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ دەبینین و رەنگە ئەمشەو چارەنووسی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا یەکلاببێتەوە و مانچێستەر یونایتد، لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدا یاریی دەکات.
 
گاڵاتەسەرای vs مانچێستەر یونایتد 
 
لە گرنگترین یاریی ئەمشەودا، کاژێر 20:45 یانەی گاڵاتەسەرای لە یاریگەی رامس پارك میوانداری مانچێستەر یونایتد دەکات لە یارییەکدا کە دۆرانی مانچێستەر یونایتد مانای ماڵئاوایی کردندەبێت لە خولەکەدا. 
 
هەردوو یانە لە خولی نێوخۆدا بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕن، گاڵاتەسەرای لە خولی تورکیدا بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ فێنارباخچە لە پلەی دووەمی خولەکەی دێت، مان یونایتدیش سەرەڕای ئەوەی بە خراپی دەستی بەم وەرزە کردبوو، دوایین سێ یاری خۆی بردووەتەوە و بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی سەرکەوتووە و گووشارەکانی سەر تیپەکە کەم بووەتەوە. 
 
دۆخی یانە ئینگلیزییەکە لە چامپیۆنزلیگدا کارەساتبارە و لە چوار یاریدا سێ یاری دۆڕاندووە و تەنیا یەك بردنەوەی هەیە، بە سێ خاڵ لە کۆتا پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت. سەرەڕای ئاستە خراپەکەی، مانچێستەر یونایتد تەنیا خاڵێك لە پلەی دووەمی ریزبەندییەوە دوورە و هێشتا هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو ماوە. 
 
گاڵاتەسەرای بەباشی دەستی بەم وەرزەی خولەکە کردبوو کاتێك لە دوو یاریدا بردنەوەیەك و یەکسانبوونێکی هەبوو و بە چوار خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتبوو، بەڵام دوو دۆڕانی یەك لەدوای یەك لە دژی بایرن یانە تورکییەکەی بۆ پلەی سێیەم دابەزاند. لەم وەرزەدا گالاتەسەرای بردنەوەیەك، یەکسانبوونێك و دوو دۆڕانی هەیە و بە چوار خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت. 
 
لە یاری یەکەمی نێوانیاندا لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، گاڵاتەسەرای بردنەوەیەکی مێژووی دژی مانچێستەر یونایتد تۆمارکرد کاتێك بە ئەنجامی 3-2 یارییەکەی بردەوە و ماورۆ ئیکاردی گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانە تورکییەکە تۆمارکرد. 
 
 
سێڤییا vs ئایندهۆڤن 
 
لە هەمان کاتدا و لە یارییەکی دیکەدا، یانەی سێڤییا لە یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان میوانداری ئایندهۆڤن دەکات.
 
بەپێچەوانەی وەرزەکانی پێشووی، سێڤییا لەم وەرزەدا دۆخی زۆر خراپە، یانە ئیسپانییەکە لە دوایین 13 یارییاندا لە لالیگا تەنیا دوو بردنەوەی تۆمارکردووە و تەنیا چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە. لە چامپیۆنزلیگیشدا سێڤییا هاندەرانی نائومێد کردووە و هیچ بردنەوەیەکی تۆمارنەکردووە و بە دوو خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت. 
 
سەبارەت بە ئایندهۆڤن، یانەکە لە خولی هۆڵەندیدا بە 39 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی گرتووە و لە چامپیۆنزلیگیش دۆخی باشە و بە 5 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە. 
 
ریال مەدرید vs ناپۆلی 
 
کاژێر 23:00، لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یانەی ناپۆلی دەبێتە میوانی یانەی ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید بە ئاستێکی ناوازەوە دەستی بەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کردووە، توانیویەتی لە چوار یاریدا سەرجەم یارییەکانی بباتەوە بە 12 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکردووە، بەڵام یانەکە چاوی لەوەیە بە پێشەنگی کۆمەڵەکەی سەرکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لەو دوو یارییەی ماوییەتی خاڵێك بەدەستبێنێت. 
 
یانە ئیتاڵییەکەش لە چوار یاریدا دوو بردنەوە، یەکسانبوونێك و دۆڕانێكی هەیە و بە حەوت خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە. لە مێژووی روبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا، ناپۆلی لە هیچ یارییەکدا نەیتوانیوە سەرکەوتن دژی ریال مەدرید تۆماربکات و دەیەوێت لەم یارییەدا کۆتایی بەو ریکۆردە خراپەی بهێنێت و بەبەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 مسۆگەربکات. 
 
 
بایرن میونشن vs کۆپنهاگن 
 
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، بایرن میونشن لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری کۆپنهاگن دەکات.
 
بەهەمان شێوەی ریال مەدرید، بایرن میونشن بە ئاستێکی ناوازەوە دەستی بەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کردووە، یانەکە سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و بە 12 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە بە پێشەنگی کۆمەڵەکەی مسۆگەر کردووە. 
 
کۆپنهاگن لە چوار یاریدا بردنەوەیەك، یەکسانبوونێك و دوو شكستی هەیە و بە چوار خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دێت، بەڵام یانە دانیمارکییەکە تەنیا یەك خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دوورە و لەگەڵ هەریەکە لە یانەکانی گاڵاتەسەرای و مانچێستەر یونایتد شەڕی  بەدەستهێنانی بلیتی قۆناخی 16ـی خولەکە دەکەن.
 
 
بێنفیکا vs ئینتەرمیلان 
 
لە یارییەکی دیکەدا، ئینتەرمیلان دەبێتە میوانی بێنفیکا و چاوی لەوەیە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بەدەستبێنێت. 
 
سەرەڕای ئەوەی یانەی بێنفیکا لە خولی پۆرتوگالیدا ئاستێکی باش پێشکێش دەکات و پێشەنگی خولەکەی گرتووە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا دۆخی خراپە و شانبەشانی رۆیال ئانتوێرپ تاکە یانەیە لەم وەرزەی خولەکەدا سەرجەم یارییەکانی دۆڕاندووە، لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت و هیچ هیوایەکی بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16 نەماوە.  
 
ئینتەرمیلان لە پێشکێشکردنی ئاستە ناوازەکەی بەردەوامە و لە خولی ئیتاڵیدا پلەی پێشەنگی گرتووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا بەهەمان شێوە دۆخی باشە خاوەنی 10 خاڵە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکردووە، بەڵام هێشتا پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی یەکلانەکردووەتەوە و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ ریال سۆسیداد لە پلەی دووەم دێت، بۆیە دەیەوێت لە بردنەوەکانی بەردەوامبێت و بە سەرکەوتن بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی ئەرکی خۆی بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە ئاسان بکات. 
 
 
ریال سۆسیداد vs سالزبۆرگ
 
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، ریال سۆسیداد رووبەڕووی سالزبۆرگ دەبێتەوە.
 
ریال سۆسیداد هەمان ژمارەی خاڵی لەگەڵ ئینتەرمیلان هەیە و بە جیاوازی گۆڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە، چاوی لەوەیە لە هەمان پلەی خۆی بمێنێتەوە و لە ئاستە باشەکەی بەردەوام بێت.
 
سالزبۆرگ لەم وەرزەی خولەکەدا، بردنەوەیەك و سێ دۆڕانی هەیە، یانەکە بە سێ خاڵ لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی دێت و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ نەماوە، بەڵام دەیەوێت بە لایەنی کەمەوە لە پلەکەی خۆی بمێنێتەوە و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەرکەوێت. 
 
ئارسیناڵ vs لانس
 
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، ئارسیناڵ لە یاریگەی ئیمارات میوانداری لانس دەکات.
 
گەنەرز بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕن و لە دوایین یارییاندا لە پرێمەرلیگ توانیان لە برێنتفۆرد ببەنەوە بۆ پلەی یەکەمی خولەکە سەرکەون. کوڕانی ئارتێتا لە چامپیۆنزلیگیشدا دۆخی باشە و بە نۆ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی یارییەکە سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەربکات. 
 
 
براگا vs یۆنیەن بەرلین 
 
براگا میوانداری یۆنیەن بەرلینی دوا پلەی ریزبەندی دەکات. 
 
براگا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، تەنیا یەك بردنەوەی هەیە و بە سێ خاڵ پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییە کورسییەکی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ مسۆگەربکات.
 
بەهەمان شێوەی براگا، یۆنیەن بەرلین هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو لەدەستداوە و شەڕی سەرکەوتن بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ دەکات، یانەکە لە چوار یاریدا تەنیا یەك خاڵی هەیە و لە دوا پلەی ریزبەندی دێت.