فرانس فوتبۆڵ: ریال مەدرید یاریزانەکانی بەبارمتەگرتووە و تووشی شکستی ئەخلاقیی بووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرنووسەری گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ'ی فەرەنسی، لە وەڵامی بایکۆتکردنی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە، بێتاوانبوونی خۆی و گۆڤارەکەی دووپاتکردەوە. لە کاتێکدا گۆشەنووسێکی گۆڤارەکە، هێرشی تووندی کردە سەر کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید و کارەکەی ئەوانی بە "شکستی ئەخلاقی" ناوبرد و دەڵێ ئەو یانەیە، یاریزانەکانی بەبارمتەگرتووە.
 
پێشبینیدەکرا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکەی دوێنێی پاریس، ئاشکرابوو ڤینی براوەی خەڵاتەکە نییە، هەربۆیە یانەی ریال مەدرید بایکۆتی ئاهەنگەکەی کرد و هیچ کەسێک لەو یانەیە نەچووە پاریس.
 
رۆدری بووە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، کارەکە کاردانەوەی زۆری لە پشتگیری دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانە و ناهەقیکردن بەرامبەر ڤینی لێکەوتەوە.
 
ریال مەدرید لە ئاهەنگەکەدا، خەڵاتی باشترین یانەی ساڵی بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەر بە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکە درا، بەڵام نە ریال مەدرید و نە کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ئاهەنگەکەدا ئامادەنەبوون.
 
ڤینسینت گارسیا، سەرنووسەری گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ' لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی هۆکارەکانی شکستهێنانی ڤینیسیۆسی لە بردنەوەی خەڵاتەکە ئاشکراکردووە، هاوکات سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەڤانانی وەرزشیی فەرەنسا و گۆشەنووسی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، ڤینسینت دولۆک هێرشی تووندی کردووەتە سەر بڕیاری بایکۆتەکەی ریال مەدرید.
 
گارسیا دەڵێ، "روون بوو کە ڤینیسیۆس بەهۆی بوونی جود بێلینگهام و دانی کارڤاخالەوە خەڵاتەکەی لەدەستدا، چونکە ئەوان هەندێک خاڵیان لە ڤینی بردووە، لە کاتی دەنگداندا".
 
بەپێی لیستی براوەکانی ئاشکراکراو لەلایەن 'فرانس فوتبۆڵ'ەوە، رۆدری زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا. ڤینیسیۆس پلەی دووەم، بێلینگهام سێیەم و دانی کارخاڤال چوارەمی دەنگدانی رۆژنامەڤانان بوون بۆ دەستنیشانکردنی براوەی باڵۆن دۆری 2024.
 
سەرنووسەری گۆڤارە فەرەنسییەکە دەڵێ، "ئەمە پوختەی وەرزەکەی ریال مەدرید بوو، کە سێ تاوەکو چوار یاریزانی لە لیستەکەدابوون و رۆژنامەڤانە دەنگدەرەکان لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون و بەوەش رۆدری سوودی لەو دۆخە وەرگرت".
 
سەرنووسەری 'فرانس فوتبۆڵ' لەبارەی دوا کاژێرەکانی بەر لە دەستپێکردنی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکە دەڵێ، "لەژێر گوشاری گەورەی ریال مەدرید بووم، بەڵام وەکدەزانن هەموو یانەکان گوشار دەکەن، بەڵام من هەموو کات روون و دادپەروەربووم، لەوانەیە ئەوان بەهۆی بێدەنگیی منەوە دووچاری شۆک بووبن".
 
ڤینسینت گارسیا زیاتر دەڵێ، "وەک هەموو ئەوانیدیکە، ئامادەنەبوونی ئەوان لە ئاهەنگەکە هەواڵێکی ناخۆش بوو".
 
زیاتر دەڵێ، "ئێمە لەگەڵ ئەوان و هەموو یانەکانی دیکەش روون بووین. ئەمساڵ براوەی خەڵاتەکە پێشتر ئاگادارنەکرابووەوە. پێموایە هەمووان دۆخەکەیان قبووڵ بوو، بەڵام لە دوا ساتدا دەیانویست دۆخەکە بگۆڕین، هەر بۆیە ریال مەدرید بایکۆتی ئاهەنگەکەی کرد".
 
لای خۆیەوە، ڤینسینت دۆلوک، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەڤانانی وەرزشیی لە فەرەنسا و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی 'لیکیپ' کە خاوەنی گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ'ە، هێرشی تووندی کردە سەر یانەی ریال مەدرید بەهۆی بایکۆتکردنی ئاهەنگەکەوە.
 
دۆلوک، لە وتارێکدا لەبارەی ئامادەنەبوونی ریال مەدرید دەڵێ، "ئەوە شکستی هەڵبژاردن و ئەخلاقیی ریال مەدرید بوو، کاتێک قبووڵی نەکرد خەڵاتەکە بۆ یاریزانێکی ئەو نەبێت. ئەوان تەنیا بەوەی بیستیان ڤینیسیۆس خەڵاتەکەی نەبردووەتەوە، بایکۆتی ئاهەنگەکەیان کرد".
 
نووسەرەکە زیاتر دەڵێ، "ریال مەدرید، هەریەکە لە کارلۆ ئەنچیلۆتی و کیلیان ئێمباپێی بەبارمتەگرت، چونکە ئەوان بڕیاریاندا بێرێزانە پێ لەو بەها وەرزشییانە بنێن کە بنەما سەرەکییەکەی بریتییە لە رێزگرتن لە کەسی براوە".
 
کاردانەوەکانی بێبەشبوونی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خەڵاتی باڵۆن دۆر هەر بەردەوامن، چەندین یاریزان، کەسایەتی و ئەفسانەی تۆپی پێ پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو یاریزانە دووپاتکردەوە. لە کاتێکدا رۆدریش پشتگیری زۆری بەدەستهێنا لەلایەن هەندێک یاریزان و کەسایەتیی دیکەوە.