براوەکەی باڵۆن دۆر رقی لە تاتۆیە و ئۆتۆمبێلی کۆن لێدەخوڕێت
رووداو دیجیتاڵ
لەوانەیە شتێکی سەیر و نامۆ بێت کاتێک بزانین باشترین یاریزانی جیهان بەپێی فرانس فوتبۆڵ، هەروەها براوەی باڵۆن دۆر، ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتوو لێدەخوڕێت کە لە خانمێکی کڕیوەتەوە، رقی لە تاتۆ کردنە، حەزناکات لەبەردەمی کامێراکاندا دەربکەوێت، تۆپی پێی دووەم خۆشەویستی ژیانیەتی.
رۆدری، ئەو ناوەڕاستکارەی دوێنێ، لە نێو مشتومڕێکی زۆردا، خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2024ی بەدەستهێنا، ژیانی لە چەند وشەیەکدا پوخت دەبێتەوە، هەوڵبدە، هەوڵبدە و گوێ بەهیچی دیکە مەدە.
رۆدری کە لە پێشبڕکێی خەڵاتەکەدا بەسەر ڤینیسیۆس جۆنیۆردا سەرکەوت، لەگەڵ مانچێستەر سیتی نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش، بووە براوەی یۆرۆ.
رۆدری ساڵی 2019 بەرامبەر بە 63 ملیۆن پاوەند لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانییەوە روویکردە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی. ئەو بەناوبانگە بەخاکەڕایی و شێوازە سادەکەی ژیانی.
وەک کەسایەتییەکی سادە و سەربەخۆ دەژی، پەیوەندی لەگەڵ خانمێکدا هەیە بەناوی لاورا ئیگلیسیاس، بەڵام بەدەگمەن دەکەوێتە بەرچاوی کامێراکان.
رۆدری پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی دەڵێ بایەخ بەباڵۆن دۆر نادات، ئەو دەڵێ، "من تۆپی پێ لەپێناو ئەوە دەکەم کە دەبێ بیکەم، لەوانەیە خەڵک حەزبکەن من بازاڕگەریی زیاتر بۆخۆم بکەم. راستە هەندێکجار هەندێک کەس پێم دەڵێن دەبێ ئەوە بکەم، بەڵام من بەشێوازێکی جیاوازتر تۆپی پێ دەکەم".
رۆدری هەرزوو رێگەی بێئومێدبوونی خۆی لە وەرنەگرتنی باڵۆن دۆر گرتووە، ئەو گوتوویەتی، "دەزانم کارەکان چۆن بەڕێوەدەچن، لەبەرئەوە ئەگەر لە خەڵاتەکەدا پشتگوێ بخرێم، بایەخی پێنادەم. ئەگەر کەسێک رۆژێک لە رۆژان بیەوێت پاداشتی کارەکەمم بکاتەوە، سوپاسی دەکەم، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەکات، هیچکات پێی نیگەران نابم".
رۆدری پێشتر لە ڤیاریال یارییکردووە، ئەو لەماوەی یاریکردنی لەو یانەیە، بەشێکی ژیانی لە بەشەناوخۆیی خوێندکاران بەسەربردووە، خۆی پاراست لەوەی شوقەیەک بەتەنیا بۆخۆی بگرێت.
ئەوکات رۆدری لە ناوچەی کاتیلۆن لە رۆژئاوای ئیسپانیا لە شوقەیەکی قوتابییاندا مایەوە. ئەوکات ئەو بزنس و ئابووریی دەخوێند و هەوڵیدەدا لەهەردووکیاندا سەرکەوتوو بێت، تەنانەت بۆ یەک رۆژیش رووینەداوە لە خوێندن داببڕێت.
ڤالێنتین هێناریۆ، هاوژووری ئەو بووە لە بەشە ناوخۆیی، ئەو دەڵێ، "کاتێک خەڵک رۆدرییان بینی لە ژوورەکەمدا دەژی، شۆک بوون، ئەو لە خولی پلە یەکی وڵات یارییدەکرد و کەچی هێشتا لە ژوورێکی بەشە ناوخۆیی قوتابییاندا دەژیا".
ڤالێنتین دەڵێ، ماوەیەکی ویست تاوەکو خەڵک لەگەڵ دۆخەکەدا راهاتن.
ئەو هاوڕێیە، لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی رۆدرییەوە دەڵێ، لەگەڵ هەموواندا هاوبەشیی دەکرد و لە هیچ شتێکدا خۆی جیا نەدەکردەوە، سیسەمێکی سادە و نیو ژووری هەبوو. لەسەرەتاوە کارەکە بۆ هەمووان سەیربوو، بەتایبەت کە ئەو دەهات تۆپی سەرمێزی لەگەڵ دەکردین و دۆخی جلوبەرگەکانی خۆی دەشووشت.
لاورا، کە کچەهاوڕێی ئەوە و پزیشکیی خوێندووە و لە زانکۆ رۆدری ناسیوە، بەشۆکەوە ئەوەی وەرگرتووە کە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ لە زانکۆ دەخوێنێت. بەرلەوەی ئەوان ببنە پاڵپشتیکاری گەورەی یەکدی.
رۆدری، وێڕای ئەو پارە زۆرەی لە تۆپی پێ دەستیدەکەوێت، بەڵام وەک کەسێکی دەستبڵاو خۆی پێشان نادات. ئەو کاتێک بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا مۆڵەتی شۆفێریی وەرگرت، نەچوو ئۆتۆمبێلێکی نوێ بکڕێت، بەڵکو ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتووی جۆری 'ئۆپڵ کۆرسا'ی لە خانمێکی بەتەمەن کڕییەوە.
ڤالینتینی هاوڕێی دەڵێ، "ئەو جارێک پێیگوتم هاوڕێکانم شێتوشەیدای ئۆتۆمبێلی جوانن، بەڵام لای من کارەکە تەنیا ئەوەندەیە کە ئۆتۆمبێل لە خاڵێکەوە دەتبات بۆ خاڵێکی دیکە".
بەپێچەوانەی هاوتاکانییەوە، رۆدری باوەڕی بە تاتۆکردن نییە و زۆری رق لەو کارەیە، تەنانەت هەوادارەکانیشی بێئومێد دەکات، چونکە ئینستاگرام بەکارناهێنێت و وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی خۆی پێشانی کەس نادات.