بۆچی خەڵاتی گێرد مۆلەر بە رۆناڵدۆ نەدرا؟
رووداو دیجیتاڵ
جگە لەوەی نەبردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە هەرایەکی گەورەی نایەوە، نەدانی خەڵاتی گێرد مۆلەریش، کە تایبەتە بەباشترین گۆڵکاری ساڵ بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی نەسڕی سعودی هەرای ناوەتەوە، چونکە کریستیانۆ 57 گۆڵی کردووە، لە کاتێکدا کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین کە هەریەکێکیان 52 گۆڵی هەیە، خەڵاتەکەیان پێدرا.
گۆڤاری فرانس فووتبوڵ مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی لە خەڵاتی "گۆڵکاری ساڵ" کە بە خەڵاتی "گێرد مۆلەر" ناسراوە، بێبەشکرد.
یاریزانە پۆرتوگالییەکە، وەرزی رابردوو بەتۆمارکردنی 57 گۆڵ لە پێشەنگی لیستی گۆڵکارانی جیهان بوو و لەپێش هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ.
بەڵام هاری کەینی ئینگلیزی یاریزانی بایرن میونشن و کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی یاریزانی یانەی ریال مەدرید خەڵاتی گێرد مۆلەریان بۆ باشترین گۆڵکاری وەرزی پێشوو بەهاوبەشی وەرگرت، ئەمەش لەمیانی ئاهەنگی 68ـەمین خولی ئاهەنگی باڵۆن دۆر، کە دوێنێ دووشەممە لەسەر شانۆی شاتێلێت لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
هۆکاری پێنەدانی ئەو خەڵاتە بە رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 63 یارییدا 57 گۆڵی تۆمارکردووە، 44 گۆڵ لەگەڵ یانەی نەسڕ و 13 گۆڵیش لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، رایگەیاندووە، ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە ئەم خەڵاتەی وەرنەگرتووە، چونکە لە یاساکانی ئەم خەڵاتەدا هاتووە کە خەڵاتی باشترین گۆڵکار بۆ باشترین گۆڵکار دەبێت لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەڵام رۆناڵدۆ ئێستا لە خولی رۆشن لە شانشینی سعودیە یاری دەکات.
مارکا روونیشیکردەوە "لەبەر ئەم هۆکارە کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی گێرد مۆلەری پێنەدرا، و بووە بەشی کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین وەک دوو باشترین گۆڵکارانی وەرزی 2023/2024".
گۆڤاری فرانس فووتبوڵ، کە رێکخەری باڵۆن دۆرە، لە ساڵی 2021 خەڵاتی باشترین گۆڵکاری ساڵی زیادکرد، و ساڵی دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ خەڵاتی گێرد مۆلەر، بە هەژماردنی ئەو گۆڵانەی کە هەر یاریزانێک بەدرێژایی وەرزەکە تۆماریان دەکات.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2021، لەم چوار ساڵەدا سێ براوە هەبووە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تاکەکەسە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەریەک 2021 و 2022 خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە. پاشان ئێرلینگ هالاند لە ساڵی 2023 خەڵاتەکەی بردەوە و ئەمساڵیش بووە بەشی کیلیان ئێمباپێ و هاری کەین بەهاوبەشی.