زیدان: براوە ئەو کەسە نییە کە شایستەی باڵۆندۆرە
رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدانی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گومانی لە راستگۆیی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆر پێشاندا، پاشئەوەی براوەی ساڵی 2024، رۆدری ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، خەڵاتەکەی بردەوە.
رۆدری، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی مانچێستەر سیتی، خەڵاتی باڵۆندۆری بردەوە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید، براوەی خەڵاتەکە بێت.
یانەی ریال مەدرید بایکۆتی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی کرد و هیچ کەسێک لە یانەکە نەچوونە پاریس.
کاردانەوەکان لەبارەی دەستنیشاننەکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەبراوەی خەڵاتەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامن، هەندێک شۆکبوونی خۆیان لە ناوی براوەکە دووپاتدەکەنەوە.
زینەدین زیدان، ئەفسانەی فەرەنسا و براوەی مۆندیالی 1998، سەرسوڕمانی خۆی لەناوی براوەی خەڵاتەکە راگەیاند، بەتایبەت پاشئەوەی ڤینی وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ ریال مەدرید هەبوو و پێشەوایەتی یانەکەیکرد بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، لالیگا و سوپەری ئەوروپا.
زیدان قسەی بۆ پلاتفۆرمی 'دازن' کردووە و دەڵێ، "سوپرایزبووم بەبردنەوەی رۆدری لەبری ڤینیسیۆس.. ئەوە کارێکی پێشبینینەکراو و سەرسوڕهێنەر بوو".
زیزۆ هەروەها گوتوویەتی، "ڤینی درەوشایەوە و ئاستێکی ناوازەی لەگەڵ ریال مەدرید هەبوو. ئەو شایستەی ئەوەبوو بەرامبەر بەو کارە گەورەیەی کردی، خەڵاتەکە بباتەوە و رێزی لێبنرێت".
زیدان پێیوایە، "براوە، ئەو کەسە نییە کە شایستەی باڵۆندۆر بوو". هەروەها دەڵێ، باڵۆندۆر ماوەیەکی زۆرە راستگۆیی خۆی لەدەستداوە.
زیزۆ دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ ژمارەیەکی زۆری ئەستێرە و ئەفسانەکانی جیهان کە گلەییان لە دەستنیشاننەکردنی ڤینیسیۆس بەباشترین یاریزانی ساڵ دەربڕیووە.
پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی نەسڕی سعودی گوتبووی، بۆ پێدانی ئەو خەڵاتە دەبێ بیر لە وەرزەکە بەتەواوی بکرێتەوە، بەڵام کاتێک دەیدەیت بە کەسێک لەسەر بنەمای ناوبانگ و ناو، ئەوکات ئیدی خەڵاتەکە راستگۆیی لەدەستدەدات.