رۆدری و بۆتمان باڵۆندۆریان بردەوە و ئەنچیلۆتی بووە باشترینی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو باسوخواسی گەرمی بایکۆتکردنی یانەی ریال مەدریددا، بۆ ئاهەنگی باشترینەکانی ساڵ، براوەی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر بۆ ساڵی 2024 ئاشکرا کران. رۆدری، ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باڵۆندۆری ساڵی 2024ی بەدەستهێنا و کارلۆ ئەنچیلۆتی بەباشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشانکرا.
ئاهەنگی باڵۆندۆری ئەمساڵ، چەند کاژێرێکی کەم بەر لە بەڕێوەچوونی، کاردانەوەی گەورەی دروستکرد، پاشئەوەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد، بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر براوەی خەڵاتەکە نییە.
پاش یەکلابوونەوەی هەواڵەکان لەبارەی بەدەستنەهێنانی باڵۆندۆرەوە لەلایەن ڤینسیسۆس جۆنیۆر، یانەی ریال مەدرید کە بڕیاربوو سەرۆکی یانەکە، راهێنەرەکەی، ژمارەیەک یاریزان و نزیکەی 50 کەسی دیکە بنێرێتە ئاهەنگەکە، بایکۆتی ئاهەنگەکەی کرد و کەس لە مەدریدەوە بەرەو پاریس نەفڕی.
لە پاریس، لە هۆڵی شاتلێ، ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان بەڕێوەچوو.
لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی ساڵی 2024ی بەدەستهێنا.
لامین ساڵی رابردوو یەکێکبوو لە درەوشاوەترین یاریزانە لاوەکان و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، نازناوی یۆرۆی 2024ی بەدەستهێنا.
تیپی خانمانی بارسێلۆنا و تیپی پیاوانی ریال مەدرید، بەباشترین تیپی ساڵ دەستنیشانکران.
لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا نمایشی دەستکەوتەکانی هەردوو یانە لە ساڵی رابردوودا کرا. بەڵام هیچ نوێنەرێکی ریال مەدری ئامادەی وەرگرتنی خەڵاکە نەبوو.
هاری کەین، هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و کیلیان ئێمباپێ، کە ئەویش یەکێک بوو لە یاریزانە بەشدارنەبووەکانی ئاهەنگەکە، خەڵاتی گێرد مۆلەریان بۆ باشترین گۆڵکاری ساڵ بەدەستهێنا.
هاری کەین بەتەنیا لەسەر ستەیجی ئاهەنگەکە دەرکەوت و خەڵاتەکەی بردەوە.
ئیمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئاستۆن ڤێلا، خەڵاتی لیف یاشینی بۆ باشترین گۆڵپارێزی ساڵ بەدەستهێنا.
لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی باشترینی راهێنەراندا، ئیما هایزی راهینەری پێشووی چێڵسی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا، خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی لەسەر ئاستی خانمان بەدەستهێنا.
لەسەرئاستی پیاوان، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەباشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشانکرا. کارلۆش یەکێکبوو لەو ئەندامەی ریال مەدرید، کە بەشداریی لە ئاهەنگەکەدا نەکرد و خەڵاتەکەی وەرنەگرت.
لە دوایین بەشی ئاهەنگەکەدا، ئایمانا بوتمانی یاریزانی خانمانی یانەی بارسێلۆنا، باڵۆندۆری ساڵی لەسەر ئاستی خانمان بەدەستهێان.
رۆدری، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و مانچێستەر سیتی، باڵۆندرۆی ساڵی 2024ی بەدەستهێنا.
لێدوانی رۆدری دوای بەدەستهێنانی باڵۆندۆر
رۆدری، پاش بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر، لەسەر ستەیج هەستی خۆی دەربڕی.
ئەو ناوەڕاستکارەی مانچێستەر سیتی گوتی، من لەوپەڕی دڵخۆشیدام، ئەمە مانایەکی زۆری هەیە بۆ من وەکو یاریزان، ناتوانم خۆم لە چێژ وەرگرتن لەم ساتە بپارێزم، لە کۆتاییدا مانگێکی ئاڵۆز بوو بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووم، بردنەوەی ئەم خەڵاتە بۆ من شتێکی نوێیە، پاداشتی هەموو ئەو هەوڵانەیە کە ماوەیەکی زۆرە داومە، لەسەری هەموو شتێکیشەوە ئەمە دەستکەوتە بۆ یانەکەم، نیشتمانەکەم و تۆپی پێی ئیسپانیا".
ساڵی رابردوو، رۆدری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی یۆرۆی 2024ی بەدەستهێنا، لەگەڵ مانچێستەر سیتیش بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، ئەو دەڵێ، "ساڵی رابردوو بۆ ئێمە لەسەر ئاستی کۆمەڵ زۆر تایبەت بوو، بەڵام بە ئەمانەتەوە دەیڵێم، پێموانەبوو بتوانم دووبارەی بکەمەوە، لە تۆپی پێدا کاتێک هەیە شتەکان لە کاتی گونجاودا روودەدەن، تۆش لە ساتێکی تایبەتدا دەژیت کاتێک لەنێو رکابەریدای بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە بگەینە ئەم ئاستە بەرزە، کاتێک وەرز هات بەهێزترەوە گەڕامەوە، پێموایە ئامارەکانم لە رووی گۆڵ و ئاسیستەوە باشتربوون، هەروەها لە زنجیرەیەکی درێژی یارییەکاندا نەدۆڕاوم، ئەمەش بۆ من شتێکی تایبەتە، بەڵام ئەم شتانە تەنیا جارێک روودەدەن، وەکو بردنەوەی یۆرۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەوە بۆ من گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەمەش یارمەتی زیادکردنی ئەگەرەکان دەدات، پێموایە دوو ساڵی زۆر گرنگم هەبوو لە رووی ئاستەوە، سوپاسگوزام بۆ بردنەوەی ئەم نازناوانە".
رۆدری هەروەها گوتی، "دەزانم بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر مانای چییە، دەزانم کێ پێشتر خەڵاتی تۆپی پێی بردووەتەوە، ئێستاش هەڵبژێردراوم بۆ ئەوەی ناوم لەنێو لیستی ناوی ئەو یاریزانە ئیسپانیانەدا بێت کە تۆپی پێیان گۆڕی، بردنەوەی باڵۆن بۆ یاریزانێکی ناوەڕاست قورسە، بۆیە پێموانییە تێبگەم ئێستا چی روودەدات، بەڵام لە چەند ساڵێکدا لێی تێدەگەم".
یاریزانەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەروەها دەڵێ، "بردنەوەی ئەم خەڵاتە شتێکە هەرگیز بیرم لێی نەکردبووەوە، خەونی من یارییکردن بوو لە ئاستێکی بەرزی تۆپی پێی پیشەگەریدا، تەنانەت بیرم لەمەش نەکردبووەوە، کاتێک منداڵ بووم سەیری یارییەکانی مێسی و رۆناڵدۆم دەکرد، دەمزانی هەموو ساڵێک ئەم خەڵاتە هەیە، خەونی من ئەوەبوو رۆژێک لەگەڵ ئەوان یاری بکەم، نەک لێرە بووەستم و قسە بۆ ئێوە بکەم، ئەمە لایەنی پرۆسەکە پێشاندەدات، مەبەستم ئەوەیە بۆ نموونە لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپادا هەرگیز خۆم وەکو گۆڵکار نەدەبینی، بەڵام کاتێک لە خوارەوە بیت و سەرەوە ببینیت، بەدڵنیاییەوە زۆر بەرز دەردەکەوێت"..
ئەو لەبارەی خەون و ئامانجەکانەوە دەڵێ، "هەموو رۆژێک لە ژیانتدا ئامانجی بچووک بۆ خۆت دابنێ، ئاستەکەت باشتر بکە، رۆژێک دێت لە شوێنێکی بەرزدا دەبیت، ئەمە روویدا، هەرچەند هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە باڵۆن دۆر بەدەستبهێنم، بەڵام ئاستبەرزیم لە یارییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا وایکرد زۆر کەس من هەڵبژێرن و بۆ ئەوەش زۆر دڵخۆشم".