ئیمیلیانۆ مارتینێز بەپەلە گەڕایەوە ئەرجەنتین


رووداو دیجیتاڵ 

ئیمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و بەشداری لە یاریی داهاتووی یانەکەیدا ناکات.
 
مارتینێز لە ئینستاگرامەکەیدا وێنەیەکی خۆی و باوکی بڵاوکردەوە کە لە نەخۆشخانەن، ئەو گۆڵپارێزە رایگەیاند کە باوکی نەخۆشە و نەشتەگەریی بۆ ئەنجامدراوە، لەبەر ئەو هۆکارە لە یاریی داهاتووی یانەی ئاستۆن ڤێلا بەرامبەر بە یانەی وێستهام کە یارییەکی قورسە بۆ یانەکەی، دووردەکەوێتەوە و ئامادەنابێت.
 
ئیمیلیانۆ لە ئینستاگرام نووسیویەتی "سوپاسی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین و کلاودیۆ تاپیای سەرۆک دەکەم کە هاوکاری و یارمەتی منیاندا لەم رۆژە سەختانەدا".
 
مارتینێز ئێستا لە ئیزیزا مەشقەکانی دەکات کە شوێنی تایبەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە، بەڵام نازاندرێ کەی دەگەڕێتەوە و ئەوە پەیوەندی بە باشبوونی تەندروستیی باوکییەوە هەیە.
 
پێشبینی دەکرێت بۆ یاریی داهاتووی ڤێلانس بەرامبەر بە هامێرس، جێد ستیری گۆڵپارێزی یەدەگ لە جێگەکەی یاری بکات.