ڤیدیۆ؛ یانەکانی پرێمەرلیگ لە یۆرۆپالیگ ئەرکییان ئاسانە
رووداو دیجیتاڵ
لە یۆرۆپالیگدا، یانەکانی ئینگلتەرا بە هەمان شێوەی یارییەکانی گەڕی یەکەم چاویان لە بردنەوە و ئەنجامی باشە.
تۆتێنهام لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا دەبێتە میوانی رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی، هەرچەندە سپێرز دوورە لە یاریگای خۆی، بەڵام پێناچێت ئەرکی قورس بێت و بەربژێری بردنەوەی یارییەکەیە.
تۆتێنهام ئێستا ئاستی جێگیرە، یانەکە لە چەند یارییەکی سەرەتای خولدا هەوراز و نشێوی بینی، بەڵام ئێستا تاڕادەیەک پێکهاتە جێگیرە و ئاستی یانەکەش هێدی هێدی بەرەو باشی دەچێت.
مۆرینیۆ دوای کەین و سۆن، ئێستا کار لەسەر هێڵی بەرگری یانەکەی دەکات، کێشەی بەرگری پلانەکانی مۆرینیۆی تێکداوە، لەبەر ئەوە سپێشەڵ وەن بۆ مانەوەی لە ئاستی بەرزی یانەکەی دەبێت کێشەی بەرگری چارەسەر بکات.
لە تۆتێنهام پێرخڤین، ئۆریێ و تانگانا بەهۆی پێکانەوە یاریناکەن، هەروەها لە رۆیالیش پێنج یاریزان پێکانیان هەیە و ئامادەنابن.
یانەی لێستەر سیتیش هەر لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا یاری هەیە، ئەرکیشی ئاسانە و بەرامبەر ئایک ئەسینا یاریدەکات.
رێوییەکان بە بردنەوەیان لە ئارسیناڵ لە خولدا ورەیان بەرزە، لە یۆرۆپالیگیشدا یاری یەکەمیان بردووەتەوە و هیچ کێشەیەکیش بۆ بردنەوەی ئەم یارییە لەبەردەم لێستەردا نییە.
پێکانی ڤاردی چەند یارییەک بوو کێشەی بۆ یانە ئینگلیزییەکە درووستکردبوو، بەڵام ئێستا گۆڵکارە لێهاتووەکە گەڕاوەتەوە و سەرکردایەتی یانەکەی دەکات بۆ یارییان بەرامبەر یانە یۆنانییەکە.
ئارسیناڵ لە یاری بەرامبەر دۆندالکی ئێرلەندی دەیەوێت برینەکانی ساڕێژبکات، یانەکە لە دوایین چوار یاری خولدا سێ یاری دۆڕاندووە، ئەمەش گومان لە داهاتووی یانەکە و میکێل ئارتێتای راهێنەریش درووستدەکات و ئێستا یانەکە لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە بردنەوەیە.
تۆپچییەکان بۆ ئەم یارییە حاڵی وەکو حاڵی یانەکانی دیکەیە و شەش یاریزانی پێکانیان هەیە، ئەگەر ئەم کێشەیە وەلانێین، خۆ یاریزانە سەرەکییەکان و هێرشبەرەکانی یانەکە هیچ کێشەیەکیان نییە، کەچی نە ئاستیان باشە و نە گۆڵ دەکەن، ئەنجامی یانەکە هەرچی بێت بە کێشەی خۆیانی نازانن.