کافۆ هاوشێوەی رۆناڵدینیۆ، رەخنەی لە هەڵبژاردەی بەرازیل هەیە


رووداو دیجیتاڵ

کافۆ، ئەفسانەی بەرگریی بەرازیل و هەڵگری دوو نازناوی مۆندیال لەگەڵ سامبا، هاوشێوەی رۆناڵدینیۆ، رەخنەی تووندی لە ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و یاریزانەکانی گرت، گوتی یاریزانانی ئێستا لێکتێگەیشتنیان نییە.
 
کافۆ، نازناوی مۆندیالەکانی 1994 و 2002ی لەگەڵ بەرازیل بەدەستهێناوە، قسەی لەسەر دۆخی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد کە ئەنجامەکانی باش نین و مایەی نیگەرانیی هەموو بەرازیلییەکانە.
 
ئەو لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو قسانەی رۆناڵدینیۆ لەسەر نەوەی ئێستای هەڵبژاردەکە کردبوونی، دەڵێ رۆناڵدینیۆ هەقە.
 
رۆناڵدینیۆ پێشتر گوتبووت، "کۆتایی پێهات، بێزاربووم لەم پێکهاتەیە. ئەمە ساتێکی خەمبارە بۆ هەموو ئەوانەی تۆپی پێی بەرازیلیان خۆشدەوێت، ئێستا زۆر قورسە رۆحیەتی تەماشاکردنی یارییەکانی هەڵبژاردەکە لەخۆتدا بدۆزیتەوە".
 
رۆناڵدینیۆ کە لێدوانەکەی کاردانەوەی زۆری بەدواداهات، زیاتر گوتبووی، "بەرازیلی ئێستا یەکێکە لە خراپترین هەڵبژاردەکانی چەند ساڵی رابردوو، سەرکردەیەکی بەڕێزی نییە، بەڵکو ژمارەیەک یاریزانی ئاسایی هەیە. هەرلەبەرئەوە تەماشای هیچ یارییەکی ناکەم و بۆ هیچ بردنەوەیەکیش ئاهەنگ ناگێڕم".
 
کافۆی 54 ساڵ، بەرگری لە بۆچوونەکەی رۆناڵدینیۆ کردووە، ئەو دەڵێ، "رۆناڵدینیۆ یەکێکە لە نایابترین یاریزانەکانی مێژوو و دەبێ رێز لە بۆچوونەکەی بگیرێت و بەڕاستیش ئەوەی دەیڵێت راستە، چونکە هەڵبژاردەکە ئاستێکی گەورەی نەبوو لە کۆپا ئەمێریکا و پێموایە ئەوەی لە هەڵبژاردەکەدا نییە، هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنە و ئەوەش کاتێک روودەدات کە لات روون نییە ناوی ئەو یاریزانانە کامەیە کە دەچنە پێکهاتەی سەرەکیی هەڵبژاردەکەوە".
 
کافۆ کە لەگەڵ چەندین نەوەی ئەفسانەکانی بەرازیل یارییکردووە، لەبارەی بەهێزترین هێرشبەرەوە کە رووبەڕووی بووەتەوە دەڵێ، "بەرامبەر زۆر هێرشبەری مەزن یاریمکردووە، وەک رۆناڵدینیۆ، بیبیتۆ، رۆماریۆ، چیڤچینکۆ و ئینزاگی، بەڵام کەس وەک رۆناڵدینیۆ نییە".
 
کافۆ گەشبینە بەبوونی هێرشبەرێکی لاوی وەک ئیندریک لە هەڵبژاردەی بەرازیل و دەڵێ، "ئیندریک لە شوێنە گونجاوەکەیە بۆ حەوەی ببێتە بژاردەی ئەستێرە بەرازیلییەکان، خۆگونجاندن لەگەڵ ریال مەدرید ئاسانترین کارە، بەتایبەت کاتێک رۆدریگۆ، میلیتاو و ڤینیسیۆس لەوێن، ئەو تەنیا ئەوەندەی لەسەرە هەمان کار لەگەڵ هەڵبژاردەش دووبارە بکاتەوە".
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو دۆخی باش نییە، پێنج یاری دۆڕاندووە و ئەگەر هەیە لەگەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو بێبەش ببێت.