ڤیدیۆ؛ ئەمشەو یارییەکەی دێربی لایەنێکی مەدرید لە بارسێلۆنا نزیکدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ساڵێک و پێنج رۆژ بەر لەمڕۆ، ئاتلێتیکۆ مەدرید تاکە یانەی هەموو جیهان بوو، بتوانێت شەمەندەفەرە خێراکەی ریال مەدرید رابگرێت و دووچاری شکستی بکات. ئێستا دووبارەکردنەوەی هەمان رووداو، ختووکەی هەستی ئەو بەرەیەی مەدرید دەدات، کە لایەنگری ئاتلێتیکۆن.
 
وەرزی رابردوو، ئاتلێتیکۆ مەدرید تاکە یانەی ئیسپانیا بوو، لە یاریگەی خۆیدا شکستی بە ریال مەدرید هێنا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ریال مەدرید نە لەسەر ئاستی ناوخۆ، نە لەسەر ئاستی ئەوروپا، تاڵاوی شکستی نەچێشتووە، ئێستا ئاتلێتیکۆ هەمان هەڕەشەی لەسەر دروستکردووەتەوە.
 
دێربیی مەدرید، دوور لە ئاست و ئەنجامی هەر یەکێک لە دوو یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا، رکابەرییەکی تووند بەخۆوە دەبینێت، رکابەرییەک کە ئاتلێتیکۆ دەیەوێت بۆ جیهانی بەسەلمێنێت، ئەویش بەشێکی زیندووی پایتەختە و دەتوانێ دەنگی هەڵبڕێت. ریالیش دەیەوێت دووپاتی بکاتەوە، هەر خۆی پاشای مەدریدە.
 
پاش سەرەتایەکی گوماناوی بۆ ریال مەدرید، کە زۆر زوو لە لالیگادا خاڵەکانی لەدەستدا و لە سێ یاریی یەکەمیدا تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێنا، چوار سەرکەوتنی بەسەریەکەوەی دوای سێ یارییەکەی سەرەتا، هانی ریال مەدرید دەدات بۆ ئازاردانی ئاتلێتیکۆ و تێپەڕاندنی.
 
ئاتلێتیکۆ لە ریزبەندییەکەدا سێیەمی خولە و تەنیا دوو خاڵ لە ریالەوە دوورە، ئاستی بەرەو گەشەکردنە و ئەوەش هیوابەخشێکی گەورەیە بۆ سیمیۆنی و یاریزانەکانی تاوەکو پاش زیاتر لە ساڵێک، شکست بکەنە بەشی ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید لە مەترسیدا دەبێت ئەگەر لە دێربیدا خاڵ لەدەستبدات، بەڵام مەترسییەکە گەورەیە لەسەری کاتێک گۆڵکەری تیپەکە کە کیلیان ئێمباپێیە، لە یارییەکەدا بەشداری ناکات و هێشتا روون نییە کارلۆ ئەنچیلۆتی چارەسەری بۆ سەرسەختییەکانی ئاتلێتیکۆ دۆزیوەتەوە یان نا؟.