ریال مەدرید داوایەکی ئێمباپێ رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید داوایەکی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی رەتکردەوە و رازی نەبوو ئامادەی یاریی دێربیی مەدرید ببێت لە یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا و فەرەنسا، ئێمباپێ داوایکردبوو ئەمشەو ئامادەی یاریی دێربیی مەدرید ببێت بۆ هاندانی هاوڕێکانی، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید رێگریان لە کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی تیپەکە کردووە، کە لە گەڕی هەشتەمی لالیگادا، ئامادەی یاریی دێربیی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ببێت".
 
بەگوێرەی رۆژنامەی لیکیپیی فەرەنسی، ئێمباپێ زۆر پێی ناخۆش بووە کە نەیتوانیوە بەشداری لە یەکەم دێربیی مەدریددا بکات بەهۆی پێکانەوە، بۆیە ویستوویەتی وەک هاندەر بەشداری بکات، بەڵام ئەو داوایەی قبوڵ نەکراوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لەبەرئەوە داواکەی ئەو یاریزانەیان رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی هیچ رەفتارێکی دوژمنکارانە لەلایەن هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە لەدژی نەکرێت و کیلیان لە هەر دۆخێکی نەخوازراو کە ئەگەری هەیە لە یارییەکەدا رووبدات دووربکەوێتەوە، بەتایبەتی دوای چەند رووداوێک کە لە رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان رکابەرەکانی پایتەختی ئیسپانیادا روویاندا، بەتایبەتی بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی.
 
کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکان بووە لە ماسوولکەی پشتەوەی رانی چەپیدا، و لانیکەم بۆ ماوەی 3 هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
 
زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری ریال مەدرید بیر لە گەڕانەوە بۆ پلانی وەرزی رابردوو دەکاتەوە بە دانانی جود بێلینگهام لە هێڵی هێرشبردن لەدوای ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ گۆسەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئێمباپێ یاری ناکات.