ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر، سێیەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی مەلەتی سپۆری بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی پلە یەکی تورکیا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی مەلەتی سپۆر، دوای 3 خولەک یارییکردن ئاسۆمبالۆنگا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئامەدسپۆر تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 39 برونۆ لورێنچۆ، یاریزانی پۆرتوگالی گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان تۆمارکرد، ئامەدسپۆر نیوەی یەکەمی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر تەواوکرد.
 
دوای چوار خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە، بالۆنگا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئامەدسپۆری لە یارییەکەدا تۆمارکرد و کەسک و سوورەکانی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 82 محەممەد گونش گۆڵێکی بۆ یانەی یەنی مەتەلی سپۆر تۆمارکرد، ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە کەمکردەوە.
 
شەش خولەک دوای ئەو گۆڵە، برونۆ لورێنچۆ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی بۆ کەسک و سوورەکانی ئامەدسپۆر تۆمارکرد.
 
لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا مەرت ئالتینتاس یانەی مەلەتی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.
 
یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی یانەی ئامەدسپۆر کۆتاییهات، یانەکەی باکووری کوردستان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەی تۆمارکرد و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
ئامەدسپۆر ئەمە سێیەم بردنەوەیەتی لە 7 گەڕی رابردووی خولی پلە یەکی تورکیادا، یانەکە بووە خاوەنی 12 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی خۆی گەیاندە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە.