دێربیی مەدرید و یەکشەممە لە بەرژەوەندی کێدان؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دێربیی مەدریدە، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید لە یاریی لووتکەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە هاوشارییەکە رکابەریی یەکدی دەکەن، بۆ ئەوەی جیاوازییەکەیان لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ کەمبکەنەوە.
لە یارییەکەی ئەمشەودا، یانەی ریال مەدرید لە تواناکانی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی بێبەش دەبێت و بەهۆی پێکانەوە ئەو یاریزانە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
ریال مەدرید دووەمە و ئاتلێتیکۆ مەدرید سێیەمە، هەردوولا چاویان لەوەیە سوود لە دۆڕانی بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسۆنا وەربگرن، بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر بچنە پێشەوە.
لە بوولتەنی وەرزشیی کاژێر 13:30 سامان وڵاتژێری، بە داتا وردەکارییەکانی یارییەکەی پێشاندا، هەردوو تیپ مێژووییەکی گەورەیان لە رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیادا بەرامبەر یەکدی هەیە و باڵادەستییەکە بۆ یانەی ریال مەدریدە.
هەردوو یانە لە لالیگادا 174 یارییانکردووە، ریال مەدرید 91 یاریی بردووەتەوە، 41 یاری بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە و 42 یاریی نێوان هەردوولاش بەیەکسانبوون تەواو بووە.
لە رۆژانی یەکشەممەدا هەردوولا 63 یارییان لەسەر یاریگەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، هەریەکەیان خاوەنی 23 بردنەوەن و 17 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
لەسەر ئاستی راهێنەرەکان، دیێگۆ سیمیۆنی و کارلۆ ئەنچێلۆتی، 24 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هەریەکەیان 9 بردنەوەیان هەیە و 6 یاریی نێوان هەردوو راهێنەرەکەش یەکسانبوون ناونیشانەکەیان بووە.
باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئانتوان گریزمانە، لە 6 یارییدا بەشداریکردووە، 2 گۆڵ و 2 ئاسیستی هەیە، باشترین یاریزانی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێیە، لە 7 گەڕی رابردوودا بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە، خاوەنی 5 گۆڵ و ئاسیستێکە، بەڵام ئەمشەو بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات.