هەواڵە هەرە گرنگەکەی تایبەت بە رۆناڵدۆ گەیشت

رووداو دیجیتاڵ

 

نيكۆلا شيرا، ئاشکرایکرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بەشداری لە مۆندیالی 2026ـدا بکات، بۆیە دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێ بکاتەوە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە بەنێوبانگە، زیاتر دەڵێت "بەرپرسانی یانەی نەسڕ دڵخۆشن بەو هەنگاوەی کریستیانۆ و لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە کردنەوەی دۆسێی تایبەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی دۆن کریستیانۆ".
 
کاتێک نەسڕ گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ راگەیاند، ماوەی گرێبەستەکە دوو ساڵ و نیو بوو، کە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا ماوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ کۆتایی دێت، بەڵام وادیارە هەردوولا هاوڕان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، چونکە کریس دەیەوێت بەردەوام بێت لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە مۆندیالی 2026ـدا بکات. 
 
بەرپرسانی یانە سعودییەکەش ئەو راستییە دەزانن کە یاریزانە پۆرتوگالییەکە بووەتە ئەستێرەی یەکەم و رووگەی یانەی نەسڕ و خولی رۆشن و میدیای سعودیە.
 
وەک نيكۆلا شيرا باسی دەکات، مانەوەی رۆناڵدۆ لە سعودیە مەترسی کۆتاییهاتنی لەسەربوو بەهۆی ئەوەی گرێبەستی پۆرتوگالییەکە نزیکبوو لە کۆتاییهاتنی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا و کەسیش باسی نوێکردنەوەی نەدەکرد، بەڵام ئیدی یانەی نەسڕ بڕیاریداوە ئەو کارە بکات و رۆناڵدۆ لای خۆی بهێڵێتەوە، چونکە پێدەچێت بەم زووانە نەسڕ یاریزانێکی دیکەی کاریگەری وەک رۆناڵدۆ نەدۆزێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو رۆڵەی لەسەر ئاست و ژمارەی گۆڵەکانی یانەکە هەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەی نەسڕ بە قۆناخێکی باشی ژیانی تۆپی پێیدا، لەسەر ئاستی تاکەکەسیدا تێدەپەڕێت، دوای ئەو هەموو ئاستە باشەی پێشکەشی کردووە لەو کاتەوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە.
 
جۆرجینای خۆشەویستی رۆناڵدۆ، بەر لەچەند رۆژێک دووپاتیکردەوە کە خۆشەویستەکەی هەوڵدەدات تەواوی ژیانی لەنێوان مادێرا کە لەوێ لەدایکبووە و سعودیە بەسەرببات.
 
مانەوەی رۆناڵدۆ لە سعودیە بەپلەی یەکەم لە رێگەی بەردەوامبوونی لەگەڵ نەسڕ دەبێت، کە تەنیا بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دێتەدی.