دوای خستنەڕووی کێشەی قەرزی یانەی دهۆک لە رووداو، مەسرور بارزانی بەشێک لە قەرزەکە دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سکاڵای پێنج کەس لە راهێنەر و یاریزانانی یانەی دهۆک لەسەر یانەکە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، ئاستەن بۆ بەشداریکردنیان لە خولی نایابی عێراق دروستبوو، دوای خستنەڕووی کێشەکەش لە رووداو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بەشێک لە قەرزەکان بداتەوە.
یانەی دهۆک سەتان ملیۆن دینار قەرزدارە و ئەگەر قەرزەکەی نەداتەوە، ناتوانێت بەشداریی خولی نایابی عێراق بکات. پێنج کەس کە راهێنەر و یاریزانن سکاڵایان لەسەر یانەکە تۆمارکردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئەیلوول دوایین دەرفەتە کە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، دوای خستنەڕووی گرفتەکەی یانەی دهۆک لە بوولتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی سێشەممە 27ی ئەیلوول، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، مەسرور بارزانی بڕیاریدا بەشێک لەو قەرزە بۆ یانەکە بداتەوە.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوول رایگەیاند، "جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاک مەسرور بارزانی رەزامەندیی داوە کە هاوکاریی یانەی دهۆک بکرێت، بەتایبەتی بۆ دانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی یانەکە. (بۆ زانیاری، ئەو قەرزەی یانەکە هی پێش 10 ساڵە)."
یانەکە توانای دانەوەی ئەو قەرزەی نەبووە و 48 کاژێری بۆ دیاریکرابوو کە بیداتەوە بۆئەوەی بتوانێت لە خولی نایابی عێراق بەشداری بکات. بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی یانەی دهۆک چووە بەغدا و چەند رۆژێک بوو گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی بەرپرس دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
یانەی دهۆک هەوڵێکی زۆری دا بۆئەوەی بگاتە خولی نایابی عێراق. شەش ساڵە یانەکە لە خولی نایابی عێراق دوورخراوەتەوە، ئەمساڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام قەرزەکان رێگربوون لەبەردەم بەشداریکردنی.
جاسم حەجی، سکرتێری یانەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، سێ رۆژە لە بەغدان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی یانەکەیان و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە هەر یانەیەک پارە نەدات ناتوانێت بەشداریی خولی نایاب بکات.
بە گوتەی سکرتێری یانەی دهۆک، پێنج کەس کە راهێنەر و یاریزانن داوای قەرزەکانیان کردووەتەوە و قەرزەکانیشیان 410 ملیۆن دینارە، بەڵام حەوت کەسی دیکەش قەرزیان لای یانەکەیە و کۆی گشتیی قەرزەکانی سەر یانەکە دەکاتە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار.
سەبارەت بە هۆکاری نەدانی پارەکە، سکرتێری یانەی دهۆک ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی نەبوونی پارەیە لە دەستیاندا، بەڵام قەرزەکان هی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ساڵانەدا خۆی یاریزان بووە و نازانێت ئەو قەرزە چۆن چووەتە سەر یانەکە.
لەبارەی ئەوەی کە هیچ بەرپرس و کەسێکی دەوڵەمەند ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنیان، جاسم حەجی گوتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری دهۆک و خەڵکی دیکە لەسەر هێڵن لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان. بە گوتەی سکرتێری یانەکە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندیی پێوە دەکەن و دەڵێن "گورچیلەی خۆمان دەفرۆشین [بۆ دانەوەی قەرزی یانەکە] بۆئەوەی یانەی دهۆک ئەمساڵ بەشداریی خولی نایابی عێراق بکات."