حکومەتی هەرێمی کوردستان پاداشتی پاڵەوانان دەکات
رووداو هەولێر
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پاداشتی دارایی یەكەمەكانی وەرزش دا.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بەشێوەی هەمیشەیی بەو تیپ و پاڵەوانانەی كە لە ئاستی خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەستدەهێنن، بڕیارەكەش لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
دوابەدوای نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵاتكردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی دا خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.
بە نووسراوی ژمارە 11582 لە رێكەوتی 28.8.2024 رەزامەندی لەسەر نووسراوەكە درا و بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كراوە.
بەمشێوەیە لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە ئاستی خولەكانی ناوخۆ، عێراق و ئاسیا و جیهان نازناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەستدەهێنن، پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەمەش دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش بۆ جێگیركردنی ئەو پاداشتە بەشێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ وەرزشوانانی كوردستان و بەپێی ئەو رێنمایی و پۆلینەی كە دانراوە.
جەمیل عەبدولئیلا، پاڵەوانی لەشجوانی ئاسیا، کە ناوی لە لیستی یەو یاریزانانەیە کە پاداشت دەکرێن لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشم، ئەمە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش کە ئەم کارەی کرد، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم".
هاوكات لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش كراوە و داواكراوە لە ئەمڕۆوە كاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش دەمێكە كار لەسەر ئەوە دەكات، وەرزشوانانی كوردستان بەرامبەر دەستكەوت و ئەنجامە باشەكانیان خەڵاتی دارایی وەربگرن و دواجار كارەكان گەیشتنە ئەنجام، كە دەستكەوتێكی گرنگە بۆ وەرزشوانانی كوردستان.
پاداشتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە پۆلێنکراون:
لەسەر ئاستی کیشوەری:
1 - خاوەن پلەی یەکەم 30 ملیۆن دینار.
2 - خاوەن پلەی دووەم 25 ملیۆن دینار.
3 - خاوەن پلەی سێیەم 15 ملیۆن دینار.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب:
1 - خاوەن پلەی یەکەم 25 ملیۆن دینار.
2 - خاوەن پلەی دووەم 20 ملیۆن دینار.
3 - خاوەن پلەی سێیەم 15 ملیۆن دینار.
لەسەر ئاستی عێراق:
1 - خاوەن پلەی یەکەم 20 ملیۆن دینار.
2 - خاوەن پلەی دووەم 15 ملیۆن دینار.
3 - خاوەن پلەی سێیەم 10 ملیۆن دینار.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان - ئاستی نایاب:
1 - خاوەن پلەی یەکەم 15 ملیۆن دینار.
2 - خاوەن پلەی دووەم 10 ملیۆن دینار.
3 - خاوەن پلەی سێیەم 8 ملیۆن دینار.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لەو دەرخستەیەی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆ پاداشتی تیپی تۆپی پێ لەو بڕەی داندراوە جارانی یەک لەسەر پێنجی کردووە، لەبەرئەوەی ژمارەی یاریزانانی یاریی تۆپی پێ زیاترە لە یارییە بەکۆمەڵەکانی دیکە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پاداشتی راهێنەران و ناوبژیوانانیش دەکات، راهێنەری یارییە تاکەکان بڕی نیوەی پارەی پاداشتی یاریزانان وەردەگرێت، راهێنەری یارییە بەکۆمەڵەکان بڕی پاداشتەکەی هاوتای یاریزان دەبێت و یاریدەدەرەکانی نیوەی بڕی پارەی یاریزان وەردەگرن.
هەرچی ناوبژیوانە لە کاتی وەرگرتنی شارەی ناوبژیوانی یارییە بەکۆمەڵەکانی بڕی ملیۆنێک دینار وەردەگرن، ناوبژیوانی یارییە تاکەکان پێنچ سەد هەزار دینار وەردەگرن.