بە ڤیدیۆ؛ یانەی نەورۆز بۆ رووداو: بۆ دەبێت یانەیەک لە موسڵ یەکەم ببێت، ئێمە یەکەم نەبین


رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رەخنە لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، بۆ دەبێت یانەیەک لە موسڵ بێت بەشداری لە خولی کوردستان بکات یەکەم ببێت و ئێمە یەکەم نەبین.

جێگر عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری یانەی نەورۆز بەشداریی لە بووڵتەنی کاژێر 14:30ـی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداو کرد و گوتی، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەبووین، خولەکە بەبەشداری چوار یانە تەواوبکرایە، یان شەش یانە بەشداری بکات و بۆ هەموو شتێک ئامادەبین و تەنانەت ئامادەبووین خەرجییەکانیش لە ئەستۆ بگرین، ئێستا کە خول تەواوکراوە و ئێمە بە یەکەم دانراوین چی بکەین.

سەرپەرشتیای یانەی نەورۆز گوتی، سازش لەسەر هیچ شتێک ناکەن و ئێستا ئەوان پاڵەوانی خولی کوردستانن بەهیچ شتێک جگە لە پاڵەوانبوون رازی نابن، ئەگەر یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیش ئێمە بە پاڵەوان دانەنێت، ئەوا رەنگە دوو بەرەیی لە خولەکەدا دروستبێت، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەبووین، بەڵام هیچ نەکرا و ئێمە تەنیا مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی کۆبوونەوەی 25-7 دەکەین.



جێگر عەبدوڵڵا رەخنەی تووندی لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان گرت و گوتی، وەرزش ئاوا ناکرێت، لە هەندێک شوێن تووند و لە هەندێک شوێن بەشێوەیەکی دیکە بێت، پێویستە وەرزش یەک دەنگ و یەک رەنگ بێت و پەیوەندییەکی زۆرباشمان لەگەڵ یانەکانیش هەیە و وەرزش لەوە دەرچووە هەموو وەرزێک، یانەیەکی یەکێتی و یانەیەکی پارتی دابەزێت.

لەبارەی ئەوەی ئەوان بۆ هیچ دەستپێشخەرییەک لەپێناو وەرزشوانان ئامادەن، جێگر عەبدوڵڵا گوتی، ئێمە وەک یانەی نەورۆز لەنێوان دوو بڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ماوین، یاریزانەکانی ئێمەش پاڵەپەستۆیان لەسەربوو، ئێمەش داواکارین یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان چارەسەر بدۆزێتەوە.

سەرپەرشتیاری یانەی نەورۆز بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە زانیاریی نوێ لەبارەی یانەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، خۆی پێشنیازی بۆ یانەکەی کردووە ئەمجارەش ببنە هۆکاری چارەسەری کێشەکان و یانەکەیشی رازیبووە، بەڵام لەولاوە پێیانگەیشتووەتەوە کە یانەیەک لە موسڵ یەکەم ببێت، نابێت یانەی نەورۆز یەکەم بێت، ئەگەر ئەمە وانییە با سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان وەڵاممان بداتە، بۆ ئەوەی ئێمەش دڵمان پاکببێتەوە، لەکاتێکدا ئێمە بەهۆی هەموو ئەو خەڵکەی بە وەرزش دەژیت دەمانەوێت خولەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوانی ئێمە چییە یانەیەک لە دەرەوەی کوردستان بێت یەکەم ببێت ئێمە نەبین.

لەبارەی بەشداریکردنیان لە رکابەرییەکانی خولی عێراقدا جێگر عەبدوڵڵا گوتی، وەرزی رابردوو تیپەکەمان بۆ ئەوە دروستکرد، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە خولی پلە یەکی عێراق نەکرا، لەکاتێکدا لە سلێمانی هیچ یانەیەک لە خولی عێراق بەشدار نییە، بۆیە دەمانەوێت بەشداری بکەین بۆ بۆژانەوەی وەرزش.