ڤیدیۆ؛ رێکاردا و ئیما یەکەمی گەڕەکانی پێنج و شەشی تور دو فرانس بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو گەڕی پڕ لە رکابەریی تور دو فرانسی خانماندا، رێکاردا باوێرنفایندی خانمە پایسکیلسواری ئەڵمانی پاڵەوانی گەڕی پێنجەم بوو. ئیما نۆرسگارد خانمە پایسکیلسواری دانیمارکیش پلەی یەکەمی گەڕی شەشەمی بەدەستهێنا.
 
لە گەڕی پێنجەمدا رێکاردا باوێرنفایندی تەمەن 23 ساڵ، لە دوایین 35 کیلۆمەتری پێشبڕکێیەکەدا. کە لە شاری ئالبی بەڕێوەچوو، پەلەی کرد و پێش هەردوو رکابەرە سەرەکییەکەی کەوت، کە هەریەک لە مارلين رۆسەری خانمە پایسکیلسواری سویسری و   ليان لێبرتی خانمە پایسکیلسواری ئەڵمانی بوون و پلەی دووەم و سێرمیان بۆ مایەوە.
 
ئەنجامی ئەم گەڕە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی گشتیدا نەهێنا، کە لۆتی کۆپکی، خانمە پایسکیلسواری بەلجیکی پارێزگاری لە درێسی زەردی کرد و هەر لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی گشتی مایەوە. 
 
لۆرینا فیپسی خانمی هۆڵەندی، کە پلەی یەکەمی گەڕی سێیەمی گەشتی نێودەوڵەتیی خانمانی تور دو فرانسی بەدەستهێناوە، بەهۆی بوونی هەندێک کێشە لە کۆئەندامی هەرس نەیتوانی بەشداری ئەم گەڕە بکات، کە درێژترین قۆناخی ئەم گەشتە بوو، ماوەکەی 177 کیلۆمەتر بوو.
 
لە گەڕی شەشەمدا، ئیما نۆرسگاردی خانمە پایسکیلسواری دانیمارکی پاڵەوانی بێ رکابەری ئەم گەڕە بوو، کە لە کەشوهەوایەکی گەرمدا توانی پێش هەموو رکابەرەکانی هێڵی کۆتایی پێشبڕکێکە ببڕێت.
 
ماوەی ئەم گەڕە 122.5 کیلۆمەتر بوو، لە ئالبییەوە دەستیپێکرد و لە بلاگناک کۆتاییهات. کە ئیمای پاڵەوان پێویستی بە دوو کاژێر و 15 خولەک و حەڤدە چرکە بوو بۆ تەواوکردنی پێشبڕکێکە.
 
خانمە پایسکیلسواری دانیمارکیی تیپی مۆڤیستار، بە شایستەیی پێش شارلۆت کۆل و لۆتی کۆپکی کەوت، کە پلەی دووەم و سێەمیان بەدەستهێنا و کۆپکی بە درێسی زەردەوە لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتی مایەوە.