ڤیدیۆ؛ بەرازیل بەسەرکردایەتی ڤینی بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل بردنەوەیەکی گەورەی بەدەستهێنا و خۆی لە گەیشتن بە قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکا نزیککردەوە، دوای ئەوەی لە پاراگوای بردەوە.
 
لە خولەکی 29 لێدانێکی سزا بۆ بەرازیل هەژماکرا، لوکاس پاکێتا لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو و هەلی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی لەدەستدا.
 
لە خولەکی 35 ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵێکی جوانی بۆ سیلیساو تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
 
لە خولەکی 43 ساڤیۆ سوودی لە هەڵەیەکی هێڵی بەرگری پاراگوای وەرگرت و گۆڵی دووەمی بۆ بەرازیل تۆمارکرد.
 
لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەی بەرازیلی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە ئارامییەکی زۆرەوە بۆ سامبا کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، عومەر دێرێتێ بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ پاراگوای کەمکردەوە.
 
لێدانێکی دیکەی سزا بۆ بەرازیل هەژمارکرا، ئەمجارەش هەر لوکاس پاکێتا جێبەجێیکرد، گۆڵی چوارەمی بەرازیلی تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی زیاتر لە بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ نزیککردەوە و نەیماریش لەنێو پەیژەکانەوە ئاهەنگ دەگێڕێت.
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا ئاندرێس کوباس، یاریزانی پاراگوای بەهۆی تووند یارییکردنەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
بەرازیل بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا، یاریی داهاتووی بەرامبەر کۆڵۆمبیایە و بەبردنەوە و یەکسانبوون دەتوانێت بگاتە قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکا.
 
دوای یارییەکە بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشانیدا و دوو گۆڵی تۆمارکرد، ڤینیسیۆس جونیۆر وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.