فەرمی.. راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەستیلەکارکێشایەوە

رووداو دیجیتال

فرانک دێ بوێر، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا راگەیاند و گوتی "سوپاسی هەموو لایەک دەکەم".

ئەم بڕیارەی فرانک دێ بوێر دوای ئەوە هات کە هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2020ـدا بە ئەنجامی 2 - 0 بەرامبەر بە هەڵبژاردەی چیک تووشی شکست بوو، ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.

فرانک دێ بوێر، لە پایزی 2020 جێگەی رۆناڵد کۆمانی گرتەوە و پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندای وەرگرت، کە ئەمەی دوایی لەپێناو وەرگرتنی پۆستی راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەردەوام نەبێت.

وادیارە دۆڕانەکەی بەرامبەر چیک و دەرکردن لە یۆرۆدا زۆر ئازاربەخش بووە بۆ فرانک دێ بوێر، بۆیە بڕیاریدا چیدی بەردەوام نەبێت و بەفەرمی رۆیشتنی خۆی لەو هەڵبژاردەیە راگەیاند.

فرانک دێ بوێر، لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی، رایگەیاند "کاتێک ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەمیان پێڕاسپاردم هەستم بە شانازییەکی گەورە کرد، بەڵام دەمزانی کە گوشارێکی زۆرم دەکەوێتەسەر، هەرواشبوو گوشارێکی زۆرم لەسەربوو، بۆیە دەبووایە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە بدەم".

ئەو زیاتر گوتی "رۆیشتن بۆ هەموومان باشتربوو، هەڵبژاردەی هۆڵەندا پاڵاوتنەکانی مۆندیالی لەپێشە، پێویستە بەهێزبێت".

ئەو راهێنەرە، کە پێشتریش وەک یاریزان یاریی بۆ هەڵبژاردەی هۆڵەندا کردووە، گوتیشی "سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، بێگومان هاندەران و یاریزانان و هەروەها بەرپرسانی هەڵبژاردەکەش، کە لە هەموو لایەکەوە یارمەتیدەر بوون".