مارسێلۆ: هێشتا بڕوام نەکردووە

رووداو دیجیتاڵ

 

مارسێلۆ، یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنالیگ، رۆیشتنی خۆیشی لە یانەکە راگەیاند. هەروەها گوتیشی "هێشتا بڕوام نەکردووە کە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵمان بردووەتەوە".
 
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید 1-0 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە لیڤەرپوول بردەوە و بۆ جاری 14ـەم بووە پاڵەوانی ئەوروپا، مارسێلۆ کە بەشداری لەم یارییەدا نەکرد، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رۆیشتنی خۆی لە یانەکە راگەیاند.
 
ئەو یاریزانە بەرازیلییە، ماڵئاوایی خۆی لە هاندەرانی ریال مەدرید کرد و گوتی "رۆیشتنێکی خۆش دەبێت، هەرگیز ریال مەدرید لە دڵم دەرناچێت".
 
دواتر مارسێلۆ باسی بردنەوەی چواردەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ لە لایەن ریال مەدریدەوە کرد و گوتی "بردنەوەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ جیاوازە لە هەموو سەرکەوتنەکانی پێشوومان، چونکە هەندێک یاریمان بردەوە کە سەرکەوتن تیایاندا نیمچە مەحاڵ بوو، بەڵام تۆپی پێ ئاوایە، دی ئێن ئەی ریال مەدرید بەو شێوەیە، زۆر گەورەیە".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "هیچ پەیامێکم نییە، چونکە بەڕاستی هێشتا بڕوا ناکەم کە بردوومانەتەوە".
 
سەبارەت بەوەی کەریم بنزیما باڵۆن دۆر دەباتەوە؟، بەرگریکاری بەرازیلی گوتی "بەڕاستی نازانم پێوەرەکانی بەخشینی ئەو خەڵاتە چین، بەڵام کەریم ئەم وەرزە سەرسوڕهێنەر بوو و شایەنی باڵۆن دۆرە، من پێوەرەکە نازانم چییە، بەڵام پێموایە خەڵاتەکە بۆ بنزیمایە".