ئەستێرەیەکی میلان دەبێتە راپەر و ئیبرا گاڵتەی پێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

رافایێل لیاو، هێرشبەری یانەی میلانی ئیتاڵی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، ئاشکرایکردووە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بەردەوام گاڵتەی پێدەکات.
 
لیاو و ئیبرا پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی پتەو لە نێوانیاندا هەیە.
 
لیاو ئاشکرایکردووە هۆکاری گاڵتەپێکردنەکانی لەلایەن ئیبراهیمۆڤیچەوە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو لە ماوەی رابردوودا دووەم ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بڵاوکردەوە.
 
لیاو پێشتر ساڵی 2021 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی خۆی کە ژمارەیەک گۆرانیی راپە، بڵاوکردووەتەوە، ئەمساڵیش دووەم ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە.
 
لیاو لە لێدوانی بۆ ژمارەیەک میدیای ئیتاڵی گوتوویەتی، "هەمیشە حەزم لەوەبوو لە مۆزیکدا شتێک بکەم، پێموایە ئەو کارە رێگەم بۆخۆشدەکات بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆم بکەم، چونکە من کەسێکی شەرمنم".
 
لیاو زیاتر گوتوویەتی، "من شەرمنم، ناتوانم هەمیشە هەستەکانم گوزارشت لێبکەم، بەڵام لە رێگەی مۆزیکەوە ئەوە دەکەم.. مۆزیک بۆ من دونیایەکی دیکەیە بۆ من".
 
هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە زیاتر دەڵێ، "من منداڵی گوندێکی دوورەدەستبووم کە قەمسەڵەیەکی گەورەم لەبەردەکرد و بەردەوام خەونم بەوەوە دەبینی رۆژێک لە رۆژان ببمە ئەستێرەیەکی گەورە. کاتێک کێشەم دەبوو، بەخۆم دەگووت لەوەشدا ناتوانم سەرکەوتوو بم".
 
لیاو گوتوویەتی ئەگەر لە نێوان تۆپی پێ و راپدا یەکێکیان هەڵبژێرم، بەدڵنیاییەوە تۆپی پێ هەڵدەبژێرم، چونکە زۆر شتی بە من بەخشیووە و زۆرم خۆشدەوێ.
 
هەروەها گوتوویەتی، "هاوڕێکانم لە میلان گوێیان لە گۆرانییەکانم گرتووە، هەندێکیان گاڵتەیان پێکردم، بەڵام هەندێکی دیکە پشتگیرییان کردم، زڵاتان یەکێکبوو لەوانەی کە گوێی لێگرت پێکەنی و گوتی لەجیاتی ئەوە، بیر لە یاریکردن بکەیتەوە باشترە".