حکومەتی هەرێمی کوردستان 400 ملیۆن دینار بۆ یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان خەرج دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 - 2022 حکومەت بڕی 400 ملیۆن دینار بۆ یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان خەرج دەکات.
بەپێی راگەیێنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی هەینی 29-4-2022 بڵاوکراوەتەوە، دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەمەبەستی "بەردەوامبوون و ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانە بۆ وەرزی 2021 - 2022."
هەروەها لە بڵاوکراوەکەوی فەرمانگەی زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "جگە لە پاڵپشتی دارایی یەکێتی تۆپی کوردستان، بڕی گوژمەی دیاریکراویش لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان / بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش خەرج دەکرێت".
ساڵانە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە پشتبەستن بە پاڵپشتی دارایی کە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە دەکرێت، چالاکییە وەرزشییەکان لەسەر ئاستە جیاجیاکانی تەمەن بۆ وەرزشوانانی پیاوان و خانمان بۆ یاری تۆپی پێ و فوتساڵ رێکدەخات.
هەروەها بەشێک لەو داهاتە تەرخان دەکرێت بۆ پاداشتکردنی یانە بەشداربووەکان و پاڵەوانی خولەکە، جگە لە پاداشتی دارایی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیارانی یارییەکان لەسەر ئاستی خولی پلە نایاب، پلە یەک و پلە دوو، جگە لە یانە بەشداربووەکانی خولی نایابی فوتساڵی خانمان.