ڤیدیۆ؛ ورچێکی رووسی کەرەنتینەکەی بە تۆپی بالە بەسەردەبات

رووداو - هەولێر

بێجگە لە وەرزشوانان، هەندێ لە ئاژەڵانیش لە ماوەی کەرەنتینەدا کاتی خۆیان بە یارییە وەرزشییەکان بەسەردەبەن، وەک ئەو ورچەی لە رووسیا رۆژانە بەشێکی کاتەکەی بە یاری بالە بەسەردەبات. 


کارچانا، ورچێکی مێیینەیە، لە باخچەی ئاژەڵانی سان پێترسبێرگ لە رووسیا دەژیت، بە درێژایی ماوەی کەرەنتینە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەگەڵ کرێکارانی باخچەکە یاری تۆپی باڵە دەکات.

لە ڤیدیۆیەکدا کارچانا لەسەر حەوزێکی ئاو دەردەکەوێت، کرێکارانی باخچەکە لە بەرزاییەوە تۆپی بۆ هەڵدەدەن، ئەویش خۆی بەدوای تۆپەکەدا هەڵدەداتە نێو حەوزەکە بۆ گەڕاندنەوەی تۆپەکە، ئینجا تۆپەکە بۆ کرێکارەکانی باخچەکە هەڵدەداتەوە.

بەرپرسانی باخچەکە دەڵێن "ئارەزووی یەکەمی کارچانا هەڵدانی تۆپە بە رووی گەشتیار و سەردانیکەرانی باخچەکە، بۆیە هەوڵدەدات لە ماوەی کەرەنتینەدا ئەو کارەی لەبیر نەکات".