نەیمار هاککراوە


رووداو دیجیتاڵ

کەسێکی نەناسراو تویتەری نەیمار دا سێلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیلی هاککردووە و بەناوی نەیمارەوە هێرشی کردووەتە سەر هەندێک شوێن.
 
بەرپرسی میدیایی نەیمار دا سێلڤای تەمەن 31 ساڵ بەمیدیاکانی راگەیاندووە، کە هاککەرەکە کۆنترۆڵی تویتەری نەیماری کردووە و نامەی هەڕەشەئامێز و ناڕاستی بۆ خەڵک ناردووە.
 
نەیمار ئێستا لە بەرازیل لە قۆناخی چاکبوونەوە لەو نەشتەرگەریە دایە کە لە پاژنەی قاچی راستیدا کردوویەتی. بەرپرسی میدیاییەکەی رایگەیاندووە، "تویتەرەکەی نەیمار هاککراوە. تویتەرمان ئاگادارکردووەتەوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەیەکە، من ئێستا تەنیا دەتوانم ئەوەندە بڵێم".
 
تویتەرەکەی نەیمار 60 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، چەندین نامەی جیاواز بۆ خەڵک و لایەنی جیاواز لە پاش هاککردنەکەیەوە نێردراون، بەڵام هەندێک لە نامەکان کۆنترۆڵکراون و سڕدراونەتەوە.
 
ئاژانسی 'فرانس پرێس' ژمارەیەک نامەی لە تویتەرەکەی نەیمارەوە دەستکەوتووە کە تێیدا هێرشکراوەتە سەر دەزگایەکی میدیایی بەرازیل و قسەی نەشیاو لە زاری نەیمارەوە بەوان گوتراوە.
 
هاوکات، رافایێلای خوشکی نەیمار، رووبەڕووی هەمان دۆخ بووەتەوە. رافایێلا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت کە هەر نامەیەک لە تویتەرەکەی ئەوەوە بۆ خەڵک بچێت، ئەو لێی بەرپرس نییە، چونکە هاککراوە.