مانێ هۆکاری سەرەکی دەرکردنی نایگلسمان بووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئەڵمانییەکان، زانیاری نوێیان لەبارەی هۆکاری دەرکردنی یولیان نایگلسمان لە مەشقدانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشکراکردووە، رایانگەیاندووە سادیۆ مانێ هۆکاری سەرەکی خستنی ئەو راهێنەرە بووە.
بایرن میونشن بەر لە چەند رۆژێک دوورخستنەوەی نایگلسمان و دەستنیشانکردنی تۆماس توخێلی بە راهێنەری یانەکە راگەیاند.
هەرچەندە بەرپرسانی بایرن میونشن هۆکاری جیاواز دەکەنە بیانوو بۆ دوورخستنەوەی نایگلسمان و دەڵێن پاشەکشەی ئاستی تیپەکە هۆکاری سەرەکی بووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە دەڵێن هۆکاری سەرەکی کودێتای ژمارەیەک یاریزان بووە بەسەر ئەو راهێنەرە لاوەدا.
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، سادیۆ مانێ، هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی نایگلسمان بووە لە مەشقدانی بایرن میونشن.
رۆژنامەکە دەڵێ، مانێ لە دوای رووبەڕووبوونەوەی نێوان بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان لە یاریی چوونی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، مانێ بەتووندی رووبەڕووی نایگلسمان بووەتەوە و لەبەردەم یاریزانانی دیکەی تیپەکەدا بە رووی نایگلسماندا هەڵشاخاوە، لەبەرئەوەی تەنیا هەشت خولەک پێش تەواوبوونی یارییەکە، بەشداریی پێکردووە.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، ئەو هەڵوێستە هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی نایگلسمان بووە لە مەشقدانی بایرن میونشن، چونکە یاریزانەکانی دیکە هەستیان بەوە کردووە کە نایگلسمان لە مانێ ترساوە و یاریی دواتری تیپەکە بەرامبەر ئۆگسبۆرگ بەشێوەی سەرەکی یاریی بەو یاریزانە کردووە.
هەمان رۆژنامە دەڵێ، کاتێک دەستەی کارگێڕیی یانەکە هەستیان بەو شکستەی نایگلسمان بەرامبەر یاریزانەکە کردووە و لەوە تێگەیشتوون کە یاریزانەکان دەتوانن بەڕووی بڕیارەکانیدا بووەستنەوە و لێی یاخی ببن، دەستبەجێ بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرەیان داوە، چونکە پێیانوابووە چیدی نایگلسمان کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی پێناکرێت.