لێدوانی فەرمی پۆگبا دوای ئەوەی سزایەکی تووندی بەسەردا سەپێنرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆڵ پۆگبا، یاریزانی ئیتاڵی و ئەستێرەی یانەی یوڤێنتۆس راگەیێنراوێک بڵاودەکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ لە یاریکردن راگیرا.
 
یاریزانەکە هۆرمۆنی تێستێستیرۆنی بەکارهێناوە، کە بەهیچ شێوەیەک بۆ وەرزشوانان رێگەپێدراو نییە و بەو هۆیەوە یاریزانە فەرەنسییەکە سزادراوە.
 
پۆگبا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "لەبارەی بڕیاری دادگاوە ئاگادارکرامەوە، پێموایە ئەوە بڕیارێکی درووست نییە." 
 
ناوەڕاستکارە فەرەنسییەکە دواتر خەمباری خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "من خەمبارم و دڵم شکاوە، چونکە هەموو ئەوەی بە درێژایی کاروانی وەرزشیم بنیادم ناوە لێم وەرگیرا. کاتێک لە سنووردارکردنی یاسایی رزگارم دەبێت، چیرۆکەکە روون دەبێتەوە، من هەرگیز بەمەبەست هیچ مادەیەکم بەکارنەهێناوە کە لە دژی یاساکان بێت."
 
پۆگبا زیاتر دەڵێت "وەک وەرزشوانێکی پیشەگەر هەرگیز مادەیەکی قەدەخەکراو لەپێناو باشترکردنی ئاستم بەکارناهێنم و هەرگیز بێڕێزی یان فێڵم لە هاوپیشەکان و هاندەرانی هیچ یانەیەک نەکردووە." 
 
ئەستێرەکەی یوڤێنتۆس لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەوەی روویدا، تانە لەو بڕیارە دەدەم لەبەردەم دادگای ناوبژیوانی بۆ وەرزش".
 
یاریزانەکە سزاکەی لە ئاداری ساڵی 2028 کۆتاییدێت، کە ئەو کاتە تەمەنی پۆگبا دەبێتە 35 ساڵ، بەپێی بەشێک لە میدیاکان ئەم بڕیارەی دادگا بە ئەگەری زۆرەوە وادەکات پۆگبا بیر لە وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن بکاتەوە.