ئاسۆ رۆستەم: یانەی هەولێر و نەورۆز ماڵی دووەمی منن
رووداو هەولێر
ئاسۆ رۆستەم، ئەستێری کوردی هەڵبژاردەی عێراق، ئاشکرایکرد ژمارەیەکی زۆری گرێبەستی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە بۆ هاتووە، سکاڵاشی لەسەر یانەی سالمیەی کوێتی بۆ فیفا بەرزکردووەتەوە.
ئەم یاریزانە کوردە لە شەش مانگی رابردوو وەک یاریزانێکی پیشەگەر درێسی یانەی سالمیەی کوێتی لە خولی ئەو وڵاتە پۆشی، بەڵام هەفتەیەکە ریزەکانی یانەکەی جێهێشتووە و ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی هۆکارەکانی ماڵئاوای لە یانە کوێتییەکە روونکردەوە.
ئاسۆ رۆستەم، لە دەسپێکدا رایگەیاند "شەش مانگ لە ریزی یانەی سالمیەی کوێتی بووم هیچ مووچەی مانگانەیان پێنداوم و تەنیا پارەی پێشەکی گرێبەستەکەم وەرگرتووە، هەربۆیە من بە هەواهەنگی لەگەڵ پارێزەرەکەم خۆم یانەکەم جێهێشت و سکاڵاشم لە فیفا لەسەر یانەکە نوسیووە و دڵنیام لەم کەیسەدا دەیبەمەوە و مافەکانم لێیان وەردەگرمەوە".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق 4 ئەستێرە کورد بوون، ئاسۆ رۆستەم ئەو یاریزانە بوو کە تەنیا 30 خولەک یاریکرد و گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 25 تۆمارکرد، نازناوەکەشی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەرزکردەوە.
رۆستەم زیاتر گوتی "بەشداریم لە جامی کەنداو شانازییەکی گەورەی ژیانمە و سوپاسی پشتگیری خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم، دیارە ئاستبەرزییەکەم مایەی سەرنجی کاساسی راهێنەرە، بەڕاستی پەرۆشی خەڵکی عێراق و میدیاکان مایەی شانازییە".
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جێهێشتنی یانەی سالمیە لەلایەن ئاسۆ رۆستەم، ژمارەیەک یانە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی کارەکانی یاریزانەکە قسەیانکردووە.
ئاسۆ لەبارەی کاروانی داهاتووی ژیانی ئاشکرایکرد "یانەکانی سعودییە و ئێران لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بچمە ریزەکانیان، بەڵام ناتوانم بچمە سعودییە لەبەرئەوەی کاتەکە درەنگ بووە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆش یانەیەکی زۆرداوام دەکەن، من یانەی هەولێر و نەورۆزم زۆر خۆشدەوێت و ماڵی دووەمی منن، سوپاسی دیدار حامدی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر دەکەم کە لەپێناو من ئامادەیە خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت، لە دوو رۆژی داهاتوو ئەو یانەیە دەستنیشاندەکەم کە شایستەی خزمەتە و من دەمەوێت لە شوێنێک یاری بکەم کە شوێن پەنجەم دیار بێت".
ئاسۆ رۆستەم، پێشتر لە ریزی یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی لەگەڵ نەورۆز یاریکردووە، وەرزی رابردوو دووەم گۆڵکاری خولی نایابی بوو بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ.