هێرشکرایە سەر ماڵی جێگری سەرۆکی یانەی مانچێستەر یونایتد

رووداو- هەولێر 

بەشێک لە هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتد هێرشیانکردە سەر ماڵی ئید ودواردی جێگری سەرۆکی یانەی مانچێستەر یونایتد.

ئەو هاندەرانەی کە ناوی خۆیان نابوو "بلاک ئین مان" شەوی رابردوو بە بەرد و دار لەگەڵ هوتاف کێشان و یاری ئاگرین، هێرشیانکردە سەر ماڵی ودوارد، داوایانکرد کە خێزانی گلایزەرز یانەکە جێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی کە ئەنجامەکانی ئەم دوواییەی یانەکەیان بەدڵی هاندەران نەبووە و بێزاریی خۆیان لە سیاسەتی خاوەندارێتیی یانەکەیان دەربڕی.

 

هاندەرانی ناڕازیی یانەی مان یونایتد، رۆژێک بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر بە یانەی مان سیتی ئەم کارەیانکرد، دوای ئەوەی رێگرییان لێکرا لەوەی بچنە نێو خانووی ئید ودواردی جێگری سەرۆکی یانەی مانچێستەر، یاریی ئاگرین و گازی فرمێسڕێژیان هەڵدایە نێو خانووەکەوە.

دوای ئەم هێرشە، یانەی مانچێستەر یونایتد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد کە هێرشکراوەتە سەر ماڵی یەکێک لە ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە، ئەمە هێرشەش سەرکۆنە دەکەین و داواکارین ئەو کەسانەی لەپشت ئەو هێرشەوەبوون دەستگیربکرێن.

 

هاندەران لە سۆشیال میدیا داوای مردنی ودواردیان دەکرد و هاشتاگی " ودواردز گەنە دای" ـیان بەکارهێناوە.