کاردانەوەکانی دوای سێ حاڵەتی یاریی بارسێلۆنا و ئالاڤێس


رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی لە یاریی شەوی رابردووی نێوان بارسێلۆنا و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس چەند حاڵەتێکی گوماناوی بە لێدانی سزا هەژمارنەکران، یارییەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە یارییەکەدا بارسێلۆنا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆپێک بەر دەستی پیکێ کەوت و یەکێکیش بەر دەستی ئومتیتی کەوت، ئەم دوو حاڵەتە زۆرترین قسەی لەسەر کراوە، بەتایبەت ئەوەی ئومتیتی کە لەنێو هێلی سزای یانەکەیدا بوو.



رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، لە 73 گەڕی رابردووی لالیگادا هیچ لێدانێکی سزا لە دژی بارسێلۆنا هەژمارنەکراوە، دوایین لێدانی سزاش کە لەسەر یانەکە گیرابێت لە مانگی 2ی 2016 بووە بەرامبەر یانەی سێلتا ڤیگۆ کە ئەو کاتیش جۆن گیدێتی یاریزانی ئەو کاتی یانەکە و ئێستای دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس گۆڵی لە بارسا کرد.

ئاندوخار ئۆلیڤێرا، شرۆڤەکاری ناوبژیوانی لە رۆژنامەی مارکا دەڵێت، بڕیاریی ناوبژیوان بۆ بەردەوامیدان بە یارییەکە بڕیارێکی دروستبوو، چونکە بەر دەستکەوتنەکەی ئومتیتی بە ئەنقەست نەبوو لێدانی سزا نەبوو.



ئیدواردۆ ئیتورالدێ گۆنزالێس ناوبژیوانی پێشووی لالیگا رایگەیاندووە، پێش گۆڵەکەی مێسی ئەلکاسێر لە ئۆفساید بوو، لێدانێکی سزا بۆ مێسی هەژمارنەکرا، ئەوەی ئومتیتیش لێدانی سزا نەبوو.

لە 2016ەوە لالیگای ئیسپانیا 219 لێدانی سزا هەژمارکراون، 32 لەو لێدانانە بۆ یانەی بارسێلۆنا بووە.