درێسێکی ڤینیسیۆس یاریزانێک لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دووردەخاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی سەیر و سەرنجراکێشدا یاریزانێکی هەڵبژاردەی گینیا بەهۆی درێسی ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید بۆ جامی ئەفریقیا بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی ناکرێت. 
 
هەڵبژاردەی گینیا رۆژی 15ـی مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو، لە یەکەم یاریی جامی ئەفریقیا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کامیرۆن دەبێتەوە، دواتر بەرامبەر هەریەکە لە گامبیا و کامیرۆنی دوایین پاڵەوانی جامەکە دەبێتەوە. 
 
مۆرلێ سیلا، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی گینیا بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی بانگهێشت نەکراوە و بە پێی میدیاکان، هۆکاری بانگهێشتنەکردنی یاریزانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوای دۆڕانیان بە ئەنجامی 4-1 بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل لە مانگی شەشی ئەمساڵ، کێشە و مشتومڕ لە نێوان سیلا و راهێنەر و هاوتیپەکانیدا درووستبووە.
 
دوای یارییەکەی بەرامبەر بەرازیل، سیلا درێسی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڕییەوە و گەڕایەوە ژووری جلگۆڕین، بەڵام بەشێوەیەکی سەیر و نهێنی ئامێز درێسەکە بزر دەبێت و دیار نامێنێت، سیلا بەو رووداوە زۆر توڕە دەبێت و پەنجەی تۆمەت بۆ  یاریزانانی هاوڕێی درێژ دەکات و لە کۆتاییدا کابا دیاوارای راهێنەریشی بە دزینی درێسەکە تۆمەتباردەکات، دواتر ناوەڕاستکارەکە هەموو ژووری جلگۆڕینەکە دەگەڕێت و ئەمەش کێشەکەی گەورەتر کرد و مشتومڕی زیاتری درووستکرد، بەپێی هەواڵەکان، سیلا تاوەکو ئێستا داوای لێبوردنی نەکردووە و راهێنەری هەڵبژاردەکەش بە بانگهێشتنەکردنی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە گرنگە سزای داوە. 
 
مۆرلێ سیلا، یاریزانی یانەی ئارۆکای پۆرتوگالییە و لەم وەرزەدا بەشداری 20 یاری کردووە و توانیویەتی دوو گۆڵ و پێنج ئاسیست بکات.